کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فارێن ئەفێرز: تێرۆریزم تایبەتمەندیی سپای پاسدارانه

16:50 - 18 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: بڵاوکراوەی فارێن ئەفێرز باسی لەوە کردووە کە؛ تێرۆریزم له کاتی دروستبوونی سپای پاسداراندا وەک تایبەتمەندییەکی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە بووە.

بڵاوکراوەی فارێن ئەفێرز لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە؛ دەبێ سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ناوی بخرێتە لیستەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئامریکا.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە؛ تێرۆریزم له کاتی دروستبوونی سپای پاسداراندا وەک تایبەتمەندییەکی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە بووە و هەمیشە لەژێر فەرماندەیی ئیدئۆلۆژییە چەقبەستووەکاندا بووە و لە هەمانکاتیشدا وەک ماشێنێکی تێرۆر دژی ڕوناکبیران و سیاسەتمەدارانی دژبەر کاری کردووە.

لەو ڕاپۆرتەدا باس لە جەنایەتەکانی سپای پاسداران دژی خەڵکی کوردستان و سیستان و بەلووچستان کراوە.

هەروەها لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە؛ سالی ١٣٧٨(١٩٩٩ی زایینی) خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ناڕەزایەتییەکانی خوێندکارانی سەرکوت کرد و ئەوەش لە کاتێکدابوو کە حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی شۆڕای باڵای ئەمنییەت بووە، و ئەو کردەوە سەرکوتگەرانەی پەسەند کردووه.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە؛ ئێستا چالاکییە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران لە دەرەوەی سنوورەکان بەرینتر بووەتەوە و لە ماوەی ساڵەکانی ١٩٨٠ی زایینی سپای پاسداران لە دامەزراندنی حیزبوڵڵای لوبنان، خوێنڕێژترین گرووپی ژێر کۆنتڕۆڵی ئێراندا ڕۆڵی هەبووە.

لە پێوەندی لەگەڵ تێرۆریزمدا؛ ئۆسامە بێن لادن لە دەیەی ٩٠دا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵا هاوکاریی کردووە و دواتر ڕووداوی ١١ی سێپتامبریش ڕێبەرانی پایەبەرزی ئەلقاعیدە یەک لەوانە ئۆسامە بێن لادن لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە داڵدە دران و پشتیوانی کران.

لەو پێوەندییەدا، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی، ئاشکرای کردووە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک ساڵانی ڕابردوو، هەروا بە توندی پشتگیریی لایەن و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی لە هەموو جیهاندا کردووە و تەنانەت بوونی خۆی لە ئەفریقا بەهێزتر کردووە.

ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران لە دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکادا بە یەکەمین وڵات بۆ پشتیوانی لە تێرۆریزم لە قەڵەم درا.