کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات بەشداریی لە کۆنگرەی پرۆگرێسیڤ ئالیانس‌دا کرد

16:38 - 24 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان بەشداریی لە کۆنگرەی Progressive Allianceدا کرد.

ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممە ڕێکەوتی ٢٢ و ٢٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە لوقمان ئەحمەدی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی وڵات و هیوا بەهرامی جێگری بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەری حیزبی دێموکرات لەئەڵمان و ئۆتریش بەشداریی لە یەکەمین کۆنگرەی ڕێکخراوی جیهانیی Progressive Alliance لە شاری بەرلین، پایتەختی ئەڵمان کرد.

ئەم کۆنگرەیە لەژێر ناوی دیاریکردنی داهاتوو، بۆ جیهانێکی ئازاد، داپەروەر و هاوپێوەندی بەڕێوەچوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەوە ئەندامی فەرمیی بووە بە مافی دەنگدان و خۆ کاندید کردنەوە بۆ هەموو پۆستەکانی ئەم ڕێکخراوە.

پرۆگرێسیڤ ئالیانس ڕێکەوتی ٢٢ی مانگی مەی ٢٠١٣ی زایینی دامەزرا.
ئەم کۆنگرەیە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بە کۆبوونەوەیەکی کۆمیتەی ستێرینگ دەستی پێ کرد.

سەرەتا کۆنستانتین وینوف، کە بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتی حیزبی سوسیال دێموکراتی ئاڵمان و هەروەها ڕێکخەری گشتیی پرۆگرێسیڤ ئالیانسە، بەخێرهاتنی هەموو بەشداربووانی کرد و ئیشارەی بەوە کرد کە؛ زیاتر لە ١٠٠ حیزب لە هەر چوار گۆشەی جیهان ئەندامی پرۆگرێسیڤ ئالایانسن و دوای تاوتوێ کردنی دەلیلەکانی جیابوونەوە لە سوسیالیست ئینترناسیۆنال، وینوف پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە؛ مەجالی ڕێفۆرم کردنی سوسیالیست ئینترناسیۆنال نەماوە و ئەم ڕێکخراوە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی پێشکه‌وتوانه لەگەڵ ئاڵۆگۆڕەکانی جیهان بجووڵێتەوە.

وینوف هەروەها ئیشارەی بەوە کرد کە؛ هەر چەند سوسیالیست ئینترناسیۆنال کاریگەریی خۆی لەدەست داوە و بە شێوەیەکی ناسالم بەڕێوەدەبردرێ، به‌ڵام دەرگای یەکگرتنەوە لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە دانەخراوە.

لە ڕێگای دامەزراندنی پرۆگریسیڤ ئالیانس، حیزبە پێشکەوتنخواز و سۆسیال دێموکراتەکانی جیهان هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی عەمەلی و هەماهەنگ پێکەوە ڕوبەڕوی گرفتەکانی جیهان ببنەوە.

لە درێژەی کۆبوونەی کۆمیتەی ستێرینگدا (Steering committe) دەنگدان لەسەر پرینسیپ و ساختاری ڕێکخراوەکە بەڕیوەچوو، و شایەنی باسە کە چەندین ڕێفۆرمی بەرچاو بە بەراورد لەگەڵ سۆسیالیست ئینترناسیۆناڵدا کراوە. بۆ نموونە پرۆگرێسیڤ ئالیانس نە سەرۆکی هەیە نە سکرتێر، بەڵکوو بەڕێوەبەرییەکی گشتی هەیە کە لە ٣٥ کەس پێكدێ کە هەر دوو ساڵ جارێک هەڵبژاردنی بۆ دەکرێتەوە. هەروەها ڕێکخەرێکی گشتی هەیە کە ڕێکخەری کۆبوونەوە، کۆنفڕانس و کۆنگرەکانی پرۆگرێسیڤ ئالیانسە و لە هەمانکاتدا بەرپرسی هاوئاهەنگیی نێوان ئەندامانی ڕێکخراوەکەیە.

هەروەها کۆمیتەی ستێرینگیش هەیە، کە هەموو ئەندامانی پرۆگرێسیڤ ئالیانس یەک نوێنەری تێدا هەیە و کۆمیتەی بەڕێوەبەری دەبێ پێشنیار و بڕیارەکانی ئەم کۆمیتە جێبەجێ بکا.

لە کۆبوونەوە و کۆنگرەکانی پرۆگرێسیڤ ئالیانس هەموو ئەندامان بە مافێکی بەرانبەر هەقی دەربڕێنی نەزەر و بۆچونی خۆیان لەسەر ڕووداوەکانی جیهان هەیە و هەروەها مافی بەشدارییان لە هەموو ناوەندەکانی بڕیاردانی ڕێکخراوەکەدا هەیە، کە ئەمە لە سۆسیالیست ئینترناسیۆنالدا بوونی نیە. شایانی باسە کە؛ پرەنسیپ و ساختاری ڕێکخراوەکە بە تێکڕای دەنگ پەسەند کرا.

دوای پەسەندکردنی پرەنسیپ و ساختاری ڕێکخراوەکە، ڤیژان ماکان، جێگری سکرتێری بزووتنەوەی میلیتانتی ماوریتیوس، ڕاپۆرتی کار و چالاکیی چەند ساڵی ڕابردووی پرۆگرێسیڤ ئالیانس خستە بەر باسی ئەندامانی کۆمیتەی ستێرینگ. دوای پەسەندکردنی ڕاپۆرتەکە لە لایەن بەشداربووان، لە لایەن کۆنی ڕویتێر، سکرتێری حیزبی سۆلیدار، بەرنامەی کاری داهاتوو خرایە بەر باس. لەسەر ئەم خاڵە بەشدار بووان پێداگرییان لەسەر ئەوە کردەوە کە؛ پرۆگرێسیڤ ئالیانس دەبێ بە شێوەیەکی بەرانبەر لە هەموو ئەو وڵاتانە کە ئەندامی هەیە چالاک بێ و سەرنجی تەنها لە وڵاتانی پێشکەوتوو دانەنێ، چوونکە هەلومەرجی ئەو حیزبانە کە ڕوبەڕووی دیکتاتۆرین ڕاستەخۆ کاریگەریی لەسەر وڵاتانی دێموکراتیش دادەنێ.

خاڵی سێهەم بۆ هەڵبژاردنی دوو نوێنەر بۆ چاوەدێریی مادی و ڕێکخراوەیی ئەندامانی پرۆگرێسیڤ ئالیانس بوو.

لە خاڵی چوارەمدا هەڵبژاردن بۆ بەڕێوەبەریی پرۆگرێسیڤ ئالیانس بەڕێوەچوو، کە لە نێو ئەو ٣٥ کەسە کە هەڵبژێردران، ٣٠ کەسیان لە نوێنەری ئەندامان و ٥ کەسیان لە نوێنەری ڕێکخراوەکانی سەر بە پرۆگرێسیڤ ئالیانس وەک یەکیەتی لاوانی سۆسیالیست ئینترناسیونال پێکهاتبوون.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان بۆ بەڕێوەبەریی گشتیی ئەم ڕێکخراوە هەڵبژێردرا.

خاڵی پێنجەم تاوتوێ کردنی پرسی هێرشی سایبری، بڵاو کردنەوەی هەواڵی درۆ لە لایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی چەند وڵاتێک وەکوو ڕوسییە و کاریگەریی ئەم خاڵانە لەسەر بەڕێوەبردنی کەمپەینی هەڵبژاردن کرا.

خاڵی شەشەم باسکردن لەسەر ڕاپۆرتێک بوو لەسەر دیاریکردنی داهاتوویەک کە بریتییە لە ئاڵۆگۆڕی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی لە جیهاندا.

لەسەر ئەم خاڵە، ئەندامانی پرۆگرێسیڤ ئالیانس پێداگرییان لەسەر ئەوە کرد کە؛ دەبێ گرینگی تایبەت بە پرسی ژینگە بدرێ و هەروەها دەبێ ڕووبەڕوی ڕەگەزپەرەستی و ئیدیۆلۆژی توندڕەو لە هەموو بوارێکدا ڕاوستن.

خالی حەوتەم تاوتوێ کردن و بڕیاردان لەسەر هێڵە گشتیەکان بۆ سیاسەتێکی پێشکەوتنخوازانە بوو.

لوقمان ئەحمەدی، بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لەم بەشەدا وتارێکی پێشکەش کرد.

ئەحمەدی لە سەرەتای قسەکانیدا خۆشحاڵیی حیزبی دێموکراتی دەربڕی لە پێكهێنانی کۆنگرە و ئیشارەی بەوە کرد کە؛ حیزبی دێموکرات لەو باوەڕەدایە کە؛ هێڵە گشتییەکان بۆ سیاسەتێکی پێشکەوتنخوازانە دەبێ لە سیاسەتی فەرمیی هەموو حیزبەکاندا بە کردەوە ڕەنگ بداتەوە. ناکرێ بەشێک لە ئەندامان لە پرۆگرێسیڤ ئالیانسدا هێڵی گشتی پەسەند بکەن کە باسی نەهێشتنی دیکتاتۆری و زوڵم و زۆرە لە جیهاندا، بەڵام لە هەمانکاتدا بەشێک لە حیزبەکان، بە تایبەتی بەشێک لە حیزبە ئەورووپییەکانی ئەندامی پرۆگرێسیڤ ئالیانس هەوڵ بدەن باشترین پێوەندییان لەگەڵ وڵاتێکی دیکتاتۆر وەکوو کۆماری ئیسلامیی ئێران بدەن بەبێ ئەوەی بایەخی تایبەت بدەن بە خەبات و تێکۆشانی بۆ نموونە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و پێکهێنانی دێموکراسی.

ئەحمەدی هەروەها ئیشارەی بەوە کرد کە؛ حیزبی دێموکرات لەوە تێدەگا کە بەشێک لەو حیزبانە کە دەسەڵاتی وڵاتەکانیان بەدەستەوە دەگرن، دەبێ لە ئاستی جیاوازدا پێوەندییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبێ، بەڵام ئەم پێوەندییە نابێ ببێتە هۆی ئەوە کە پرسی نەتەوەکانی ئێران و خەباتی ژنان و گەنجان بۆ مافەکانیان و دێموکراسی لە پەراوێز بخرێن بۆ بەرژەوەندیی کورتخایەنی ئابووری. ئەحمەدی پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە؛ ئەم هێڵە گشتییانە دەبێ بە شێوەیەکی کردەیی لە لایەن ئەو حیزبانەوە کە ئەندامی پرۆگرێسیڤ ئالیانسن بخرێتە حاڵەتی جێبەجێ کردن لە ئاست سیاسەتی حیزبەکان و بە شێوەیەک کاری لەسەر بکەن کە هەموو حیزبەکان و پرۆگرێسیڤ ئالیانس بتوانێ کاریگەریی ئەرێنی هەبێ لە هەموو جیهاندا. جێگای ئاماژەیە کە قسەکانی نوێنەری حیزب لەم بوارەدا لە لایەن بەشێکی بەرچاوی ئەندامانی کۆنگرەوە پێشوازیی گەرمی لێ کرا.

جەلەسەی دووهەمی ڕۆژی یەکەم کاتژمێر ١٥:١٥ خولەک بە کۆبوونەوەیەکی بەڕێوەبەری هەڵبژێردراوی کۆنگرە لەگەڵ نوێنەری ئەو حیزبانە کە ئەندامی پرۆگرێسیڤ ئالیانسن دەستی پێکرد. ئەم جەلەسە لە لایەن مارتین شویلتز، کاندیدی حیزبی سۆسیالیست بۆ سەرۆکوەزیریی (کانسلێر)ی ئەڵمان بەڕێوەچوو.

خاڵی یەکەمی ئەم کۆبوونەوە بریتی بوو لە باسێک لەسەر ستراتژیی سەدەی ٢١‌ـەم و هاوپەیمانەتی نیونەتەوەیی. شایەنی باسە کە سەرۆک وەزیری سوێد، ستێفان لوڤێن و بەرپرسی گشتیی حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوید، مونیکا خاڤیەر، سکرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیستی ئۆروگوای ڕاپۆرتێکیان پێشکەش کرد.

خاڵی دووهەمی جەلەسەکە بریتی بوو لە باسێک لەسەر بەربەرەکانێ لەگەڵ بزووتنەوەی پۆپۆلیستیی ڕەگەزپەرەستانە. لەسەر ئەم خاڵە مانیش تەواری، وتەبێژی کۆنگەرەی نەتەوەی هێند (حیزبەکەی مەهاتما گاندی) ومارتین ئەومالی، ئوستانداری پێشووی ویلایەتی ماریلاند لە لایەن حیزبی دێموکراتی ئامریکا، ڕاپۆرتێکیان پێشکەش کرد.

خاڵی سێهەمی ئەم جەلەسە بریتی بوو لە باسێک لەسەر بەربەستەکانی ئاشتی و هاوکاریی جیهانی. یوناس گهار ستورێ، ڕێبەری حیزبی کاری نۆروێژ و بێنیامین ویلیام مکاپا، سەرکۆماری پێشووی کۆماری تانزانیا و ئانتۆنیو کۆستا سەرۆک وەزیری پورتوغاڵ ڕاپۆرتێکیان پێشکەش کرد.

خاڵی چوارەمی کۆبوونەوەکە هەڵبژاردنی ڕێکخەرێک (Coordinator) و چاوەدێریك بوو. کۆنستانتین وینوف دوبارە وەکوو ڕێکخەری پرۆگرێسیڤ ئالیانس هەڵبژێردرا.

جەلەسەکە کاتژمێر ١٨ بە دەنگدان لەسەر ڕێکەوتنی ئەرکەکانی ئەندامان کۆتایی پێهات.

ڕۆژی دووهەمی کۆنگرە کاتژمێر ١٠ی بەیانی بە پێشکەشکردنی وتارێک لە لایەن کاتارینا بارلەی، سکرتێری حیزبی سۆسیالیستی ئەڵام دەستی پێ‌کرد.

دوای وتارەکەی بارلەی، مارتین شولتز وتارێکی پێشکەش کرد لەسەر سیاسەتی پێشکەوتنخوازانە بۆ ئازادی، دادپەروەری و هاوپێوەندی. کاتژمێر ١١:١٥ سیگمار گابریەل، وەزیری دەرەوەی وڵاتی ئەڵمان وتارێکی لەسەر هەلومەرجی جیهان پێشکەش کرد.

دوای وتارەکەی زیگمار گابریەل پانێلێک بۆ پێنج کەس کە وەزیرن یان وەزیر بوونە لە وڵاتەکانیان، لەسەر پرسی ئاشتی بەڕێوەچوو.

کاتژمێر ١٢:١٠ دیبەیتێک لەسەر پرسی کۆمەڵایەتی و ژینگە بۆ سکرتێری چەند حیزبێک بەڕێوەچوو. کاتژمێر ١٢:٥٠ دەقیقە دیبەیتێک لەسەر دادپەروەری و دەرفەتەکان بۆ پێکهێنانی جیهانێکی دادپەروەر و خۆشگوزەرانیی گشتی بەڕێوەچوو.

کاتژمێر ١٣:٣٠ دوایین دیبەیت لەسەر ڕوانگەی پێشکەوتنخوازانە بەڕێوەچوو و کاتژمێر ١٤ کۆنگرە کۆتایی پێ‌هات.

شایانی باسە کە لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ چەندین شاندی حیزبەکانی دیکەی ئەندامی پرۆگرێسیڤ ئالیانس دیدار و چاوپێکەوتنیان ئەنجام دا.