کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوڵەچوارشەممە دەرەتانێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی

14:54 - 25 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: سەرەڕای چاوسوورکردنەوە و هەڕەشە و گوڕشەکانی ڕێژیم بە مەبەستی بەڕێوەنەبردنی ڕێوڕەسمی کوڵەچوارشەممە، خەڵکی ئێران ئەم جێژنەیان بەڕێوە برد.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ساڵانێکی دوور و درێژە هەوڵی کەمڕەنگ کردنەوەی جێژنە نەتەوەیی و کەوناراکانی گەلانی ئێران دەدات، ئەمساڵیش هەوڵی دا کە ڕێگری لە بەڕێوەچوونی جێژنی کوڵەچوارشەممە و نەورۆز بکات، بەڵام خەڵک بێ گوێدان بە هەڕەشە بێ‌بنەماکانی هێزەکانی ڕێژیم، نەتەنیا ڕێوڕەسمی کوڵەچوارشەممەیان بەڕێوە برد، بەڵکوو لە هەندێک شوێنیشدا لەدژی ڕێژیم درووشمی ڕووخانیان دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و هەروەها شارەکانی دیکەی ئێرانیشدا ڕێوڕەسمی کوڵەچوارشەممە بەڕێوە چوو، کە تێیدا خەڵکی وەزاڵەهاتوو ئەم ڕۆژەیان وەک دەرفەتێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی قۆستەوە و تێیدا وێڕای ئاگرتێبەردانی وێنەی جینایەتکارانی وەک خامنەیی، درووشمی مردن بۆ دیکتاتۆر و مردن بۆ کۆماری ئیسلامییان وتەوە.

بەپێی هەواڵەکان؛ ئەگەرچی هێزەکانی ڕێژیم زۆریان هەوڵ دا کە ڕێگری لەم درووشمدانانە بکەن، بەڵام نەیانتوانی پیش بەو هەوڵە خۆڕسکەی جەماوەری خرۆشاو بگرن.

هەروەها بەپێی هەواڵی گەیشتوو؛ لە شارەکانی کوردستاندا و پاش ناودێربوونی نەورۆزی ئەمساڵ بە نەورۆزی جامانەکان، لاوانی بەهەستی کورد لە شار و گوندەکاندا بە لەبەرکردنی جلی خاکی ڕەنگ و لە مل کردنی جامانە پیشوازییان لە هاتنی ساڵی نوێ کرد.