کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پانۆرامای ڕاسان (١)

16:04 - 2 خاکەلێوه 2717

ئامادەكردن: كوردستان

٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٤: لە ڕێوڕەسمێكی پڕشكۆی نەورۆزیدا لە سنوورەكانی كوردستانی ڕوژهەڵات، بە ئامادەبوونی ئەندامانی ڕێبەری، كادر، پێشمەرگە و ئەندامانی ئاشكرا و ژمارەیەك لە ئەندامانی نهێنیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و هەواڵنێرانی چەندین دەزگای میدیایی و تەلەڤیزیۆنی كوردی، بەڕێز مستەفا هیجری، سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكرات دەستپێكی قۆناغێكی نوێی لە خەباتی خەڵكی كورد لە كوردستانی ڕوژهەڵات ڕاگەیاند كە دواتر بە ڕاسان ناوی دەركرد.

٢٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٤: خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵات لە زۆربەی شار و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر پێشوازیی خۆیان لە پەیامی نەورۆزیی سكرتێری گشتی حیزبی دێموكرات لە پەیوەندی لەگەڵ ناردنەوەی هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەكی بەرچاو لە پێناو گرێدانی خەباتی شار و شاخ ڕاگەیاند.

٢٩ی بانەمەڕ: هەواڵدەرییەكان باسیان لە هەڵواسینی بەنێری تەبلیغاتی دژی حیزبی دێموكرات لە شاری تاران كرد. لەو بەنێرە تەبلیغاتییەدا كە لە وێنەی دوكتور قاسملووی نەمر، بەڕێز مستەفا هیجری و ئارمی حیزب كەڵك وەرگیرابوو، هەوڵ درابوو كۆمەڵێك زانیاریی ناڕاست و چەواشەكارانە لەسەر چۆنیەتیی چالاكییەكان و پەیوەندییەكانی حیزبی دێموكرات لە ڕابردوو و لە ئێستادا بڵاو بكرێتەوە. هەر لەو پێوەندییەدا ڕێژیم كتێبێكی لە ژێر ناوی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە تاران بڵاوكردەوە كە ئامانجی چەواشەكردنی ڕاستییەكانی خەباتی كوردی ڕۆژهەڵات بوو.

٥ی جۆزەردان: سێزدەهەمین پلینۆمی كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پێداگریی لەسەر كاركردن بۆ گەیشتن بە ئامانجانەكانی پەیامی نەورۆزیی حیزب كردەوە. ئەم پێداگرییەش هاوكات بوو لەگەڵ جەولەی نیزامی سیاسیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچەكانی هەورامان و مەریوان.

١٥ی جۆزەردان: مستەفا هیجری، سكرتێری گشتیی حیزب، پێشوازیی لە هەیئەتێكی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی عەبدوڵڵا موهتەدی كرد و بە دەستنیشانكردنی چەند خاڵێكی دیاریكراو جەختیان لەسەر كاری هاوبەشی زیاتری دوولایەنە و هاوكاریی زیاتری هێزەكانی كوردستانی ئێران كرد بۆ ئەوەی كە گوتاری مقاومەت لە كوردستانی ئێراندا پەرەی پێ بدرێت.

٢٠ی جۆزەردان: پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكانی حیزب بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵێك چالاكیی سیاسی و تەشكیلاتی لە ناوچەكانی هەورامان و كامیاران جەولەیەكیان بەڕێوە برد كە لەگەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵكی ئەم ناوچانە بەرەوڕوو بوون.

٢٥ی جۆزەردان: تیمێكی پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە ناوچەی سەروكانی سەر بە شاری پیرانشار كەوتنە بۆسەی هێزەكانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجامی كاتژمێژێك شەڕ و تێكهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەكانی حیزب و هێزەكانی ڕێژیمدا، گەمارۆی دوژمن تێكشكا و هێزەكانی پێشمەرگە ڕزگاریان بوو.

٢٦ی جۆزەردان: تێكهەڵچوونێكی چەكداری لە نێوان پێشمەرگەكانی حیزب و هێزە دژی گەلییەكانی ڕێژیم لە ئاواییقەرەسەقەل لە ناوچەی شنۆ ڕووی دا و بە دەیان كەس لە پاسداران و بەكرێگیراوان لەگەل چەند فەرماندەی پایەبەرزی ڕێژیم لەو شەڕەدا كوژران كە ناوی بەشێكیان بەم چەشنەیە: یوسف ئەحمەدی، مستەفا خالیدی، عوبەید هەركی و ئەسكەندەر مامەڵ خەڵكی باڵاگیر و جێگری فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە شاری شنۆ سەرگوردی پاسدار حاج سەمەد بووستانی و سەروان عەبدولواحید حیكمەت خەڵكی شاری نەغەدە.

بەداخەوە پۆلێك پێشمەرگەش لەم دەرگیرییە نابەرامبەرەدا شەهید بوون. شەهیدانی ڕاسانی خۆرهەڵات لە قەرەسەقەل بریتین لە: شەهیدان كەماڵ خزری، لوقمان شێخانی، سەلاح نادری، جەماڵ ئیسماعیلی، سەید عومەر حسەینی، محەممەد خالید پەیغامی.

٢٩ی جۆزەردان: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی هێزەكانی ڕێژیم بۆ سەر پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكرات لە ناوچەی شنۆ ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.

٢٩ی جۆزەردان: تیمێكی پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە ناوچەی سەردەشت لە بەرەنگارییەكی قارەمانانەدا، پاشەكشەیان بە هێزەكانی ڕێژیم كرد و خۆشیان بێ هیچ زیانێك شوێنی شەڕەكەیان بە جێ هێشت. هەر هەمان ڕۆژ سوپای تیرۆریستیی پاسداران، دوای شكستیان لە مەیدانی شەڕ لەگەڵ پێشمەرگەكانی كوردستاندا لە دەوروبەری گوندی نستان بۆ شاردنەوەی شكستەكەیان، كوێستانەكانیان تۆپباران كرد.

٢٩ی جۆزەردان: مستەفا هیجری، سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، سەبارەت بە ڕاسانی خۆرهەڵات و ڕوو بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ئەو كەسانە كە چەكی خەیانەت بە گەل و خزمەت بە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامییان هەڵگرتووە، پەیامێكی بڵاو كردەوە.

لە مانگی جۆزەرداندا:
• تەلەڤیزیۆنی فاكس نیۆز و ڕۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز لە هەواڵەكانیاندا بە تێروتەسەلی باسی شەڕی ئاوایی قەرەسەقەلی شنۆیان كرد.

•بەشی عەرەبی و ئینگلیزیی ڕۆژنامەی شەرقۆلئەوسەت هەواڵی شەڕی شنۆیان بە شێوەیەكی تایبەت بڵاو كردەوە. لەم هەواڵەدا‌ بە كوژراو و بریندار بوونی ٢٢ پاسداری ڕێژیمی ئێران ئاماژە كراوە.

• تۆڕی ئەلعەرەبییەش لە ماڵپەڕ و تەلەڤزیۆنەكەی خۆی، قارەمانیەتی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی بڵاو كردۆتەوە و ئەم دەسپێكەی بە گرینگ وەست كردووە.

• ماڵپەڕی ستراتفۆر كە لە بواری نیزامی‌دا چالاكە، ڕاپۆرتێكی تایبەتی لە سەر قەیرانەكانی نێوخۆی ئێران لە ژێر سەردێڕی: ئێران، مەترسی لە نێوخۆ، بڵاو كردەوە.

• ماڵپەڕی ئینگلیزیی بەرەی باشووریش كە بە چەند زمان لەوانە ئێینگلیزی، ئاڵمانی، فەڕانسەوی و عەرەبی هەواڵ بڵاو دەكاتەوە، بە پشتبەستن بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئاماژەی بە شەڕی قەرەسەقەل كرد.

• ژمارەیەكی زۆر لە ماڵپەڕ و میدیاكانی كوردستان، ئێران و ناوچەش، گرینگییەكی تایبەتیان بە بەرەنگاربوونەوەی قارەمانانەی پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و هێزەكانی سپای پاسداران لە شنۆ و پیرانشار داوە. لەم نێوەدا بەشی فارسی بی‌بی‌سی، ڕادیۆ فەڕانسە و دۆیچە‌وێلە بە پشتبەستن بە ڕاگەیەندراوەكانی حیزبی دێموكرات، هەواڵی ئەم قارەمانیەتیەیان بڵاو كردەوە.

٣٠ی جۆزەردان: لە ناوەندی ٣ی كوردستان ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە شەهیدانی حەماسەی شنۆ بە بەشداریی دەیان كەسایەتیی ناسراو و حیزبی سیاسی بەڕێوە چوو.

٣٠ی جۆزەردان: سوپای تیرۆریستیی پاسداران بە شێوەی هەڕەمەكی و بەتوندی كوێستانەكان و بەرزاییەكانی سەردەشت و دەوروبەریان دایە بەر ڕەهێڵەی تۆپ و كاتیووشا. ئەو شوێنانەی كە تۆپباران كران، بریتی بوون لە بەرزاییەكانی ناوچەی مەیدان چۆغە، كەپری، گەنمان، پشتی نستان، سیسێر و هەروەها چەورەبێ.

٣١ی جۆزەردان: بە مەبەستی هاودەردی و هاوخەمی لە گەڵ حیزبی دێموكرات بە بۆنەی شەهیدبوونی پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكرات لە شەڕی شاری شنۆ، چەند لایەنی سیاسی سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیان لە شاری سلێمانی‌ كرد.

٢ی پووشپەڕ: مامۆستایانی قوتابخانەكانی كرماشان لە پەیامێكدا وێڕای دەربڕینی هاودەردی لەگەل حیزبی دیموكرات، پشتیوانیی خۆیان لە ڕاسانی خۆرهەڵات دەربڕی.

٢ی پووشپەڕ: لە دیداری نێوان هەیئەتێكی كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ لە واشینگتۆن لەگەڵ ئێد رۆیس بەرپرسی كۆمیتەی پێوەندییەكانی كۆنگرەی ئامریكادا ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموكرات لە ئەمریكا باسێكی لە سەر ڕاسان و تێكهەڵچوونەكانی نێوان پێشمەرگەكان و سپای تیرۆریستیی پاسداران پێشكەش كرد.

٣ی پووشپەڕ: لە دوای شەڕی قەرەسەقەل ڕێژیم لە نێو شاری نەغەدە بە هەڵواسینی بەنێر و پۆستێر پرۆپاگەندەیان بەدژی ڕاسان ئەنجام دا كە بۆخۆی نیشانەی ترس لە كاریگەرییەكانی ڕاسان بوو.

٤ی پووشپەڕ: شەڕ لە نێوان پێشمەرگەكانی حیزب و بەكرێگیراوانی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەی مەهاباد ڕووی دا كە پێشمەرگەكان پاش زەبروەشاندن لە هێزەكانی ڕێژیم، بە سڵامەت خۆیان لە شوێنی شەڕەكە دەرباز كرد.

٥ی پووشپەڕ: هێزێكی گەورەی ڕێژیمی ئێران بە چەكی قورسی تۆپ و كاتیوشا لە شاری ورمێ بەرەو جادەی مەهەباد بەڕێ كەوتن. هەر لەو پێوەندییەدا ڕێژیمی ئێران هێزێكی زۆری بە چەكی قورس و تۆپ هێنایە سەر سنووری شاری مەریوان و لە ڕووبەڕووی شاخی سوورێن و شاخی پێنجوێن لە شوێنێك بە ناوی ئاوشاخان جێگیری كرد. هەر لەو ڕۆژەدا ئەندامانی نهێنیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بۆ ڕێزگرتن لە خولقێنەرانی حەماسەی شنۆ لە شاری سنە چالاكیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

٥ی پووشپەڕ: لە نێوان پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكرات و چەكدارە دڵ پڕ لە قینەكانی كۆماری ئیسلامی لە كۆساڵانی مەریوان تێكهەڵچوونێك ڕووی دا، پاش كوژران و بریندار بوونی كۆمەڵێك جاش و پاسداری ڕێژیمی ئاخوندی، بەداخەوە دوو پێشمەرگەی چاونەترسی حیزب بە ناوەكانی شۆڕش مینبەری و شاخەوان مینبەری شەهید بوون و درێژەی ڕێگاكەیان بە هاوڕێیانیان ئەسپارد.

٥ی پووشپەڕ: هەڵۆكانی زاگرۆس لە ناوچەی سەرشیوی سەقز لە سەر جادەی سەقز مەریوان و لە نزیك ئاوایی خۆشەدەرە پەلاماری هێزیكی چەكداری ڕێژیمیان دا و سەرهەنگ ئەكبەری و ٦ پارێزەری ناوبراویان لە تۆڵەی شەهیدانی هێزی پێشمەرگەدا كوشت و پیكاپێكی هەڵگری ئەو تاقمە ڕێگرەیان هەڵدێرایە كەندەڵانەكانی چۆمی سەرشیوەوە.

٦ی پووشپەڕ: محەممەد پاكپوور، فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای تیرۆریستی پاسداران لە دژكردەوەی ڕاساندا هەڕەشەی لە حیزبە كوردییەكانی دژبەری ڕێژیم كرد و گووتی بنكە و بارەگاكانی ئەم لایەنانە لە قووڵایی خاكی هەرێمی كوردستانی باشوور دەكەینە ئامانجی تۆپخانەكانمان.

٦ی پووشپەڕ: لە ناوەندی ١ی كوردستان ڕێوڕەسمێكی بەشكۆ بۆ یادی شەهید شۆڕش مینبەری بە ئامادەبوونی حەسەن شەرەفی، جێگری سكرتێری گشتیی حیزب و ژمارەیەكی زۆر لە كادر و پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب پێك هات.

٦ی پووشپەڕ: هەر لە درێژەی شەڕ و تێكهەڵچوونەكان لە كۆساڵان، بۆ جاری دووهەم شەڕ لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و داگیركەرانی كوردستان ڕووی دا، دوای شەڕێكی ئازایانەی هێزی پێشمەرگە كە بە چەكی ئیمان و بڕوا بەرەنگاری هێزی زۆر و زەوەندی ڕێژیم بوونەوە، بەداخەوە پێشمەرگەیەكی فیداكاری گەل بە ناوی ئەكبەر مینبەری ناسراو بە مام ئەكبەر شەهید بوو و دەیان لە بەكرێگیراوانی ڕێژیم كوژران و بریندار بوون. پاش حەماسە خوڵقێنییەكانی قەرەسەقەل و كۆساڵان چەندین جار بۆ پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای گەل كۆڕ و كۆبوونەوە لە وڵاتانی ئورووپایی بەڕێوە چوو. هەروەها مامۆستاكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، پاڵپشتیی خۆیان سەبارەت بە چالاكییەكانی پێشمەرگەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی ئێران ڕاگەیاند.

٦ی پووشپەڕ: ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی بەرزاییەكانی كێلەشین، حاجی ئومەران، بەربەزین، كونەڕێ و... تۆپباران و بومباران كرد. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی چاودێری كوردۆساید- چاك، لە ئەنجامی ئەو تۆپبارارنەدا ٤ هاووڵاتی سڤیل بریندار بوون و هاوڵاتییانی ناوچەكەش ئاوارە بوون و زەرەر و زیانی مادیی زۆریش بە گوندنشینانی ئەو دوو ناوچەیە گەیشت.

٨ی پووشپەڕ: شاندێكی پارتی سوسیالیستی كوردستان ـ باكوور(PSK) بە سەرپەرەستی مەسعوود تەك سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبیان كرد و هاودەردی و سەرەخۆشیی خۆیان بۆ حیزبی دێموكرات بە بۆنەی شەهیدبوونی پۆلێك لە پێشمەرگەكانی حیزب لە ناوچەی شنۆ و سەوڵاوا پێشكەش كرد. رێكخراوی جیش‌العدل ی بەلووچستانیش لە ڕاگەیەندراوێكدا پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كرد.

هەر هەمان ڕۆژ لاوانی ناوچەی شامیان لە پەیامێكدا ڕایانگەیاند: ئێمە كۆمەڵێك لە گەنجانی شامیان بە بۆنەی شەهید بوونی پێشمەرگەكانی گەلەكەمان پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی كادر و بنەماڵەی ئەو شەهیدە بەڕێزانە دەكەین و پەیمان دەدەین كە هاوڕێ و هاوخەمی پێشمەرگە قارەمانەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بین و درێژەدەری ڕێبازی هەموو شەهیدان و شەهیدانی شاری شنۆ و كۆساڵان بین.

لە لایەكی دیكەشەوە لاوانی شاری سنە لە پەیامێكی ویدیۆییدا ڕایانگەیاند: ئێمە كۆمەڵێك لە ئەندامانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە شاری سنە وێڕای پشتیوانی لە حیزبی دێموكرات و پەیمان نوێ‌كردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان و بنەماڵەی شەهیدان، تیرۆریزمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە كوردستان مەحكووم دەكەین و بەڵێنی دەدەین تا دوایین هەناسەكان پشتیوانی خەباتی پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكرات بین.

٨ی پووشپەڕ: دوای كوژرانی دو لاوی كۆڵبەری خەڵكی گوندی گوێزڵێی ئالانی سەردەشت (لەتیف و ڕەئووف عەلیخانی كوڕی ساڵح) بە دەستی هێزەكانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، خەڵكی گوندی بێژوێ هێزەكانی ڕێژیمیان لە نێو پاسگاكە دەركرد و ڕێژیمیش لە ترسی پشتیوانیی هێزی پێشمەرگە لە هەموو جۆرە جموجۆڵێك لەو ناوچەیە خۆی بوارد. هەروەها خەڵك دروشمی بژی هێزی پێشمەرگە و بژی دێموكراتیان بەرز كردەوە.

٩ی پووشپەڕ: مستەفا فەحس، نووسەری ناوداری لوبنانی و پسپۆڕ لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە وتارێكدا لە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت، گوازرانەوەی شەڕ لە حەلەبەوە بۆ مەهاباد و دەستپێكردنەوەی شەڕی چەكداریی پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە نێو جەرگەی شارەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات دژی سپای ئێرانی، بە یەكەم شكستی سەربازیی ئێران دانا.

١٠ی پووشپەڕ: سكرتاریای حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، نامەیەكی بۆ باڵوێزخانەی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان و ڕاگەیەنە گشتییەكان سەبارەت بە هەڕەشە‌ی هێرشی نیزامیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر كەمپەكانی حیزبی دێموكرات نارد.

١٠ی پووشپەڕ: كۆمیسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدكرانی دوكتور قاسملوو بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەكانی ڕێژیمی ئێران لە سەر میزی وتووێژ بانگەوازێكی بڵاو كردەوە.

١٠ی پووشپەڕ: تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامی بەرزاییەكانی سیدەكان لە باشووری كوردستانیان بەبیانووی بوونی هێزەكانی پێشمەرگە بە خەستی تۆپباران كرد و زەرەر و خەساری بەرچاویان بە خەلكی ئاسایی ئەم ناوچەیە گەیاند.

١١ی پووشپەڕ: حوسەین سەلامی، جێگری فەرماندەی سپای پاسداران لە ڕێپێوانی ڕۆژی قودسدا هەڕەشەی لە ئاڵاهەڵگرانی ڕاسان كرد.

١٢ی پووشپەڕ: بە بەشداریی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، لایەن و حیزبە سیاسییەكانی كوردستانی باشوور و كەسایەتییە سیاسی و هونەرییەكان، خۆپیشاندانێك دژ بە هەڕەشەی نیزامیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی حیزبی دێموكرات لە كوردستانی باشوور، لە بنكەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكرات پێك هات. لەو كۆبوونەوەدا خەڵكی مەدەنی و ژن و منداڵ بەشدار بوون.

١٣ی پووشپەڕ: هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران لە درێژەی چالاكیەكانیاندا كۆبوونەوەیەكی بەرینیان بۆ سەیرانچییەكانی دۆڵی هاوشینانی مەهاباد بەڕێوە برد و لە سەر سیاسەتەكانی حیزبی دێموكرت و ڕاسانی خۆرهەڵات بۆ بەشداران باسیان كرد كە بە چەپڵەڕێزانێكی زۆرەوە لە لایەن خەڵكەوە پێشوازیی لێ كرا. هەروەها لەو سەیرانگایەدا خەڵكێكی زۆری شارەكانی مەهاباد ، پیرانشار، نەغەدە و شنۆ بەشدار بوون.

هەر هەمان ڕۆژ هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران لە درێژەی چالاكیەكانیاندا كاتژمێر ٥ بۆ ٦ لە سەر جادەی پیرانشار ـ مەهاباد ئامادە بوون و وێڕای ڕاگرتنی ئۆتۆمۆبیلێكی زۆری هاوڵاتییان، كۆبوونەوەیەكی بەرینیان لە سەر سیاسەت و هەڵوێستەكانی حیزبی دێموكرات و قۆناغی نوێی خەبات و پیلانەكانی ڕێژیم بەڕێوە بردووە، كە پێشوازییەكی بەرچاوی لێ کرا و بە چەپلەڕێزانی بەشداران كۆتایی پێهات.

١٥ی پووشپەڕ: لە نزیك ئاواییبۆڕیەر لە مەریوان شەڕ لە نێوان پێشمەرگەكان و هێزە دژی گەلییەكانی ڕێژیم ڕووی دا. بەداخەوە بە هۆی نەمانی تەقەمەنیی شەڕ و پاش چەندین كاتژمێر بەرەنگاربوونەوەی سپای جەهل و نەزانی، دوو پێشمەرگەی قارەمانی گەل بە ناوەكانی كاوە جەوانمەرد ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموكرات وسەركەوت سەمەدی كادری لێوەشاوەی حیزب شەهید بوون.

١٦ی پووشپەڕ: دوابەدوای قارەمانەتییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە كۆساڵان و بەچۆكداهێنانی هێزی زۆروزەوەندی ڕێژیم، كۆمەڵێك بەكرێگیراو و جاش قەلەمی كۆماری ئیسلامی لە ژێر ناوی شوورای هەماهەنگیی ئیسلاح‌تەڵەبانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا دژایەتیی خۆیان بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی كورد و ڕاسانی خۆرهەڵات ڕاگەیاند.

١٦ی پووشپەڕ: كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فێدراڵ لەمەڕ پشتیوانی لە خەباتی ڕزگاریخوازانە و میللی دێموكراتیكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.

١٧ی پووشپەڕ: ڕێكخراوی UNPO لە بەیانییەیەكدا دەستدرێژییە نیزامییەكانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی كوردستان و باشووری كوردستانی مەحكووم كرد.

١٨ی پووشپەڕ: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، سەبارەت بە دەرگیری و تێكهەڵچوونەكانی كۆساڵان لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگەی حیزبی دێموكرات و داگیركەرانی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.

١٨ی پووشپەڕ: بەڕێوەبەرانی ناوەندی چالاكانی مافی مرۆڤی كوردستان، لە پەیامێكدا هاوخەمیی خۆیان سەبارەت بە شەهیدبوونی كاوە جەوانمەرد، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەربڕی.

١٩ی پووشپەڕ: لە باكووری كوردستان لە ناوچەی قۆسەر، لە لایەن لۆكالێ پلاتفۆرمی دێموكراتی كورد كۆڕیادێك بۆ شەهید دوكتور قاسملوو و شەهیدانی ڕاسانی خۆرهەڵات بەڕێوەچوو.

٢١ی پووشپەڕ: پرێس كۆنفڕاسێك بە بەشداریی تەیموور مستەفایی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە سەر خەباتی نوێی حیزبی دێموكرات و بانگەوازی مانگرتنی گشتیی كوردستان لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕدا لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو. مستەفایی داوای لە خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵات كرد كە بەپیر بانگەوازی مانگرتنی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە بێن و خەڵك لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕدا دووكان و بازاڕ داخەن و نفڕەت و بێزاریی خۆیان لە تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران دەرببڕن.

٢٢ی پووشپەر: خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕدا دووكان و بازاڕیان داخست و وەڵامی بانگەوازی مانگرتنی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیان دایەوە.

٢٣ی پووشپەڕ: هەیئەتێكی تەڤگەری جوانێن كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان، بە سەرپەرستیی یەڵماز سەعید جێگری ڕێكخەری گشتیی تەڤگەر، سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموكرات لە هەولێریان كرد و وێڕای پشتگیری لە خەباتی ڕەوای گەڵی كورد لە ڕۆژهەڵات، سپاسی هەنگاوەكانی حیزبی دێموكراتی بۆ ڕاسانی نوێی خەباتیان كرد و هاوخەمیی و سەرەخۆشیی خۆیانی بە بۆنەی شەهیدانی ئەو ڕاسانە، بە حیزبی دێموكرات ڕاگەیاند.

٢٤ی پووشپەڕ: لە مەریوانەوە كەلاكی ٣١ پاسدار گوێزرانەوە بۆ سنە و گوایە ئەم كەلاكە پاشماوەی شەڕی ماڵوێرانكەری ئێران و عێراقن و تازە دۆزیویانەتەوە! بەپێی هەندێك زانیاری، سوپای پاسداران ویستوویە كەلاكی كوژراوەكانی بەناوی جۆربەجۆر و یەك لەوان پاشماوەی شەڕی ئێران و عێراق و هەروەها كوژراوەكانی شەڕی پاسداران لە سووریە و ... ڕابگەیەنێ و بەم شێوازە لە ژێر باری چەواشەكارییەكانی دەربچێ.

٢٦ی پووشپەڕ: لە درێژەی بەرەنگاربوونەوەكانی خەڵكی كوردستان بەرامبەر بە داگیركەرانی كوردستان، خەڵك پەلاماری پاسگای بێورانی خوارەوەی سەردەشتیان دا و بار و كاڵا زەوتكراوەكانیان لێ سەندنەوە.

٢٧ی پووشپەڕ: مێهدی زانا كەسایەتی ناسراوی باكووری كوردستان بە مەبەستی دووپاتكردنەوەی پشتیوانی خۆی لە حیزبی دێموكرات و ڕاسانی خۆرهەڵات سەردانی نوێنەرایەتی حیزبی لە هەولێر كرد.

٣٠ی پووشپەڕ: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێكدا، وێڕای ڕەدكردنەوەی چەواشەكاری و بانگەشە بێ‌بنەماكانی موحسین ڕەزایی كۆنە فەرماندەی پاسداران دژ بە بزووتنەوەی كوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕایگەیاند كە؛ خەبات لە پێناوی ئازادیی نەتەوەی كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات درێژەی دەبێ و هیچ هەڕەشە و تۆمەت وەپاڵدانێكیش ناتوانێ لە بڕینی ئەو ڕێگایە بە هەموو دژوارییەكانییەوە هەنگاوی پێ شل بكات.

١ی گەلاوێژ: لە ئاواییزێویەی كۆنە لاجانی پیرانشار ماشێنێكی هەڵگری جاشە خۆفرۆشەكان كە تێیدا مەلا عەلی زیویەیی بۆ سزادان دەستنیشان كرابوو، كەوتە بەر پەلاماری كوتوپڕی هەڵۆكانی زاگرۆس و بە توندی بریندار كرا. مەلا عەلی سەرەتا ڕەوانەی نەخۆشخانەی پیرانشار كرا و دواتر لەبەر كاریگەریی كۆڵەوارییەكەی بۆ نەخۆشخانەی خومەینی لە شاری ورمێ بار كرا.

لە سەرەتای مانگی گەلاوێژ، ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆست كە یەكێك لە گرینگترین ڕۆژنامەكانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، بابەتێكی سەبارەت بە قۆناغی نوێی خەباتی حیزبی دێموكرات بڵاو كردەوە.

٤ی گەلاوێژ: سپای تێرۆریستی پاسداران هێزی نیزامیی ڕەوانەی سنوورەكانی ناوچەی شنۆ كرد و سنوورەكانی ئەو شارەی زیاتر میلیتاریزە كرد. هەروەها كوردستان میدیا ڕایگەیاند؛ ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای تەورێز چەك‌وچۆڵ و تفاقی شەڕی بۆ پادگان و بنكە نیزامییەكانی شاری مەهاباد لە پارێزگای ورمێ ڕەوانە كردووە.

٥ی گەلاوێژ: ناوەندی گلۆباڵ ڕیسێرچ، ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە باروودۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاو كردەوە كە بەشێكی بەرچاوی تەرخان كرابوو بۆ ڕاسان. لە ڕاپۆرتەكەدا وێڕای ئاماژە بە كاریگەریی خەباتی نوێی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە سەر فاكتەرە جیاوازەكانی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست، نووسرابوو كە؛ ئەم خەباتە تەنیا كوردستان ناگرێتەوە، بەڵكوو بۆ پێكهێنانی ئێرانێكی دێموكراتی فێدڕاڵە.

٦ی گەلاوێژ: ڕۆژنامەی بەناوبانگی نیۆیۆرك تایمز وتارێكی سەبارەت بە قیرانە نێوخۆیی و دەرەكییەكانی ئێران بڵاو كردۆتەوە كە لە بەشێكی وتارەكەدا‌ ئاماژە بە ڕاسانی حیزبی دێموكرات كرابوو.

هەر هەمان ڕۆژ ڕۆژنامەی ئالگێماینێر كە ناوەندی لە نیۆیۆركە بابەتێكی سەبارەت بە زۆربوونی خەباتی نەتەوەكانی ئێران بڵاو كردەوە كە بەشێكی بەرچاوی ئاماژە بە قۆناغی نوێی خەباتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كرابوو. نووسەری بابەتەكە ئاماژە بە ڕەوشی كوردەكان لە توركیە، سووریە و بە تایبەت عێراق دەكات و دەنووسێ كە كوردەكانی ئێرانیش دەیانەوێ كە دەوڵەتێكی سەربەخۆ بنیات بنێن.

٧ی گەلاوێژ: ناوەندی فیكریی ناشناڵ ئینتێرێست كە یەكێك لە كاریگەرترین ناوەندە فیكرییەكانی جیهانە ڕاپۆرتێكی تایبەتی سێ لاپەڕەیی سەبارەت بە ڕاسانی حیزبی دێمۆكرات بڵاو كردەوە. ڕاپۆرتەكە وێڕای ئاماژە بە چۆنیەتی پێكدادانەكان، جەخت لە سەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەمە تەنیا خەباتی هێزێكی بێ دەوڵەتە كە لە سەر پێی خۆیە و پشتیوانی دەرەكی لە پشت نیە.

٩ی گەلاوێژ: ڕۆژنامەی تامیل گاردیەن، ناوەندی ستراتفۆر و ڕۆژنامەی بەناوبانگی تایمز سێ ڕاپۆرتی جیایان لە سەر ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بڵاو كردەوە. لە نێو ڕاپۆرتەكاندا جەخت لە سەر ئەوە كرابووەوە كە پێكدادانەكان ڕێژیمی تارانیان تووشی شۆك كردووە و ڕێژیم بە هەر شێوەیەك بەرەنگاری خەباتی نوێی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەبێتەوە. لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تایمزدا ئاماژە بە وتارێكی مستەفا هێجری لە ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆست كراوە كە داوای كردووە نەتەوەكانی دیكەی ئێران پەیوەست بن بەم خەباتە.

خەرمانانی ٩٥: كوردستان میدیا، چەندین ڕاپۆرتی جیاجیای لە سەر جەولەی سەركەوتوانەی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموكرات لە ناوچەكانی ورمێ، موكریان و سەقز بڵاو كردەوە.

۱ی خەرمانان: ئەنیستیتۆی مێری، سێمینارێكی بۆ مستەفا هیجری سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە شاری هەولێر، لەژێر ناوی دەرفەت و ئاستەنگەگان لە هۆڵی كۆبوونەوەی ئەو ئەنیستیتۆیە پێك هێنا.

٢ی خەرمانان: هەڵۆكانی‌ زاگرۆس لەسەر ڕێگای‌ گوندی‌ بڵەسەنی‌ ناوچەی‌ حەوتەوانانی بانە، هێرشیان كردە سەر ماشینێكی‌ هێزەكانی‌ ڕێژیم ‌و ٤ یان لێ كوشتن و بریندار كردن كە بەگوێرەی دوایین هەواڵ سەرگوردێكی ناجا لەنێو كوژراوە بەسزاگەیشتووەكاندا بوو. ناوی‌ كوژراو و بریندارەكان بریتی بوون لە: ١ـ سەرگورد عەبدوڵڵا محەممەدی ٢ـ گرووهبان داوودی‌ ٣ـ غەفاری‌، ٤ـ كەماڵ ئەنجێنەیی.

٥ی خەرمانان: هەڵۆكانی زاگرۆس بەكرێگیراوێكی ڕێژیمی داگیركەری كۆماری ئیسلامی بەناوی جەعفەر لوتفیپووریان لە بۆكان دایە بەر دەستڕێژی چەكەكانیان، ئەم جاشەی سەر بە ڕێژیم یەكێك لە مۆرە بەدناوەكانی ڕێژیم لە ناوچە بوو كە بە سزای تاوانەكانی گەیشت.

٦ی خەرمانان: سێمیناری كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فێدراڵ لەژێر ناوی دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و داهاتووی ئێران لە شاری فڕانكفۆرتی ئاڵمان و بە بەشداریی مستەفا هیجری سكرتێری حیزب دەستی بە كارەكانی كرد. باسی سەرەكیی ئەم سێمینارە تەرخان كرابوو بە ڕاسان و خەباتی نەتەوەكانی ئێران كە تێیدا نوینەری حیزب و لایەنە سیاسییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و چالاكانی سیاسیی دەرەوەی وڵات بەشدار بوون.

٦ی خەرمانان: هێزە دژە گەلییەكانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بەرزاییەكانی داڵانپەڕ تەقەیان لە كاروانی كۆڵبەرانی كورد كرد و دوو كۆڵبەری كورد لە ئەنجامی ئەو تەقە ڕاستەوخۆیەی هێزەكانی ڕێژیم گیانیان لەدەست دا. بەرپرسانی ڕێژیم پاشان بە بنەماڵەی ئەم كوژراوانەیان ڕاگەیاند كە هێزەكانی حیزبی دێموكرات تەقەیان كردووە و بۆیە ئێوە دەبنە بنەماڵەی شەهید. ئەمە باسی لە ڕەوتێكی تازەی ڕێژیم دژ بە حیزبی دێموكرات و ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكرد. حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پاش بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە وێڕای وەدرۆخستنەوەی ئەو بانگەشەیەی بەرپرسانی ڕێژیم،‌ ڕایگەیاند كە؛ بە هیچ شێوەیەك پێشمەرگەكان دەستیان لەو كردەوە دزێوەدا نەبووە و لە كاتی خۆیشی‌دا، لە ڕێگای ڕاگەیەنەكانی خۆیەوە ئەم جینایەتەی ڕێژیمی مەحكووم كرد‌ووە.

١٦ی خەرمانان: پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە نێوخۆی وڵات، لە دوو چالاكیی جیاجیادا، كاتژمێر ١٠:٣٠ خولەكی شەو، هێرشیان كردە سەر هێزەكانی ڕێژیم لە پایەگای گوندی سەرچنار و لە چالاكییەكی هاوشێوەی دیكەشدا، كاتژمێر ١٢:١٠ خولەكی هەمان شەو، هێرشیان كردە سەر هێزەكانی ڕێژیم لە پایەگای گوندی ناچیت.