کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵكی تەنگیسەر دژی بێڕێزییەكانی ڕێژیم ناڕەزایەتییان دەربڕی

16:48 - 4 خاکەلێوه 2717

كوردستان میدیا: سووكایەتی و بێ‌ڕێزیكردن بە نەتەوەكانی ئێران لە میدیا و چاپەمەنییەكانی ڕێژیمی ئێراندا درێژەی هەیە.

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوكراوەكان، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی خاكەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، خەڵكی گوندی تەنگیسەر سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، دژی بێڕێزیكردنی كاناڵی ٢ی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم بە جلو بەرگی كوردی خۆپێشاندانێكیان لە ژێر دروشمی بێڕێزی بە جلوبەرگی كوردی، بێڕێزی بە نەتەوەی كوردە وەڕێ خست .

خەڵكی تەنگیسەر لە ناڕەزایەتییەكەیاندا خوازیاری ئەوە بوون كە بەرپرسانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران بەهۆی ئەم كردەوە نەشیاوەیان كە دژ بە جلوبەرگی كوردی ئەنجامیان داوە، داوای لێبوردن لە خەڵكی كوردستان بكەن.

كاناڵی دووی ڕێژیمی ئێران لە بەرنامەیەكدا بەناوی كولا قرمزی دەسماڵی كوردیی ژنانەی لە بەر بووكەڵەی گوێدرێژێك بە ناوی جیگەر كردبوو.

ئەو كارە دزێوەی بەرپرسانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم هەڵوێست و دژكردەوەی خەڵكی كوردستانی لێ كەوتەوە.

دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران بەردەوام دژی نەتەوەكانی ئێران بە شێوەیەكی سیستماتیك كار دەكات و هیچ ئەخلاقێكی میدیایی لە بەرچاو ناگرێت.

ساڵی ڕابردووش ڕۆژنامەی تەرح نو ڕێكەوتی ٣١ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە سەردێڕێكدا بە ناوی هفت خان رستم سووكایەتیی بە نەتەوەی تورك كردبوو كە ئەو بابەتە لە لایەن كەسێك بە ناویئەمیر عەلیزادەوە نووسرابوو.

هەر لەو پێوەندییەدا، لە بەرنامەیەكی كۆمێدی لەژێر ناوی دور همی لە دەرهێنانی مێهران مودیری سووكایەتی بە نەتەوەی كورد كرابوو.

دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران كە زوڕناژەنی دەسەڵاتی ڕێژیمە و جیا لە بیرۆكەی دواكەوتوانە و چەقبەستوو و بڵاوكردنەوەی بیری ئیدئۆلۆژیك، هیچ بەرنامەیەكی دیكە بڵاو ناكاتەوە، لە بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەكانیدا بەردەوام سووكایەتی و بێ‌ڕێزی بە نەتەوەكانی ئێران دەكات.