کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی نەورۆز لە دەڤەری واشنگتۆن بەڕێوەچوو

18:45 - 7 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: کوردانی دانیشتووی وڵاتی ئامریکا لە دەڤەری واشنگتۆن بە بۆنەی جێژنی نەورۆزەوە ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، کوردانی دانیشتووی ئامریکا کە ماوەی دوو ساڵ بوو بە هۆی شەڕی داسەپاوی داعش بەسەر کوردستاندا، بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان و هاوسۆزی لەگەڵ پێشمەرگەی کوردستان، خۆیان لە گرتنی جێژنی نەورۆز بە شێوەی بەرین دەپاراست، ئەمساڵ له دەڤەری واشنگتۆن بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە ئەم بۆنە نەتەوەییەیان جێژن گرت.

هەر لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا یەکێک لەو لایەنانە بوو کە بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی و بە دەروەستییەوە، لەگەڵ سەرجەم حیزب و ڕێکخراوە کوردستانیەکان و نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە واشنگتن، لە وەڕێخستن و بەڕێوەبردنی ئەو جێژنەدا ڕۆڵی سەرەکیی گێڕا.

لە وتارێکدا کوردانی دانیشتووی ئەم وڵاتەدا، وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز و هاتنی بەهاری کوردەواری، پێگەی سیاسیی کورد لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی‌دا بەرز نرخێندرا.

دواتر ئاماژە بە بارودۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست درابوو کە پێویستە کورد لەم دۆخە ناسکەدا یەکگرتوو بێ بۆ ئەوەی بتوانێ لە گرێچنی ئەو ئاڵوگۆرانەدا، مافەکانی خۆی دابین بکات.

بۆ پیرۆز کردنی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز، سەرجەم حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان، تەبا و یەکڕیز سەرجەم کاروبارەکانی ئەم جێژنەیان ڕێکخستبوو، ئەمەش هۆکاری بەشداریی جەماوەرێکی زۆر و مایەی خۆشحاڵی ئامادەبووان بوو.

لە لایەکی دیکەوە، زۆربەی ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە دەڤەری واشنگتۆن، بۆ پشتیوانی لە نەورۆزی جامانە، بە جلوبەرگی کوردی و جامانەوە بەشدارییان لەو بۆنەیەدا کرد و ئەمەش سەرەنجی ئامادەبووانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.