کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە كۆبوونەوەی ئایپەك، پەردە لە سەر گەمارۆ تازەكان دژ بە ئێران لادرا

22:41 - 9 خاکەلێوه 2717

كوردستان میدیا: لە كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆمیتەی پێوەندییە گشتییەكانی ئەمریكا و ئیسراییل (ئایپەك) پەردە لە سەر پرۆژەیاسایەك لادرا كە بەرنامەی مووشەكیی بالێستیكی ئێرانی كردۆتە ئامانج.

هەواڵدەریی ئاسۆشیتێدپرێس ڕۆژی سێ شەممە ٢٨ی مارس لە واشینگتۆنەوە ڕایگەیاند ئەو پرۆژەیاسایە دەیهەوێ گەمارۆ بخاتە سەر سیستمی دارایی نێونەتەوەیی كۆمپانیا ئێرانی و بیانییەكانی پێوەندیدار بە بەرنامەی مووشەكیی كۆماری ئیسلامی و ئەو بانكانەی كە هاوكارییان دەكەن. كەسانی پێوەندیدار بە بەرنامەی مووشەكیی بالێستیكی كۆماری ئیسلامی و هاوبەشە بازرگانییەكانیشیان گەمارۆیان دەخرێتە سەر.

سەرەڕای ئەوە، سپای پاسدارانی ڕێژیمیش بە هۆی چالاكییە تیرۆریستییەكانی دەخرێتە نێو لیستی گەمارۆكانەوە و گەمارۆی چەكوچۆڵیش دژ بە ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە جێبەجێ دەكرێت.

ئاسۆشیتێدپرێس ڕایگەیاندووە كە ئەو پرۆژەیاسایە هەم لە لایەن كێڤین مەك كارتی، ڕێبەری زۆرینەی كۆماریخواز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا و هەم لە لایەن ستەنتی هایەر، نوێنەری دێموكراتەكانەوە پشتیوانیی لێ دەكرێت.

لە كۆبوونەوەی ئایپەكدا پاول ڕایانسەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا ڕێككەوتنی ناوكیی ناسراو بە بەرجامی بە كارەساتێكی تەواو ناو برد.

ناوبراو وێڕای پاڵپشتی لە پرۆژەیاسای گەمارۆ تازەكان دژ بە ئێران وتی: بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانە، دەبێ لە هەموو ئامرازەكانی بەردەست كەڵك وەربگرین. ئێمە بۆ بەپەرچدانەوەی ئەو شەڕخوازییانە لە هەموو هەلومەرجێكدا دەبێ لەگەڵ هاوپەیمانانی خۆمان بە تایبەتی ئیسراییل هاوكاری بكەین. ئەمریكا بەم دواییانە لە وەڵامی تاقیكارییە مووشەكییەكانی كۆماری ئیسلامیدا ٢٥ كەسایەتی و ئۆرگانی خستۆتە نێو لیستی گەمارۆكانەوە.

ئەو نوێنەرانەی كە پرۆەیاسای نوێی گەمارۆكانیان لە كۆبوونەوەی ئایپەك خستۆتە ڕوو، چاوەڕوانیی ئەوەیان هەیە كە ترامپ هەنگاوی زۆر لەوە گەورەتر هەڵبگرێت.