کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە ناوەندی ٣ی کوردستان بەرز ڕاگیرا

03:28 - 13 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی ١٠ خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، لە بنکەی ناوەندی ٣ی کوردستان و لە سێ بڕگەی جیاوازدا بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی لە ساڵۆنی گشتیی ناوەندی ٣ی کوردستان و بە بەشداری ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە و ئەندامان و بنەماڵەی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی ڕێوڕەسمەکە لە لایەن کەریم قەڵاتی ئەندام ناوەند و بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتی ناوەندی ٣ی کوردستان خوێندرایەوە.

پاشان مامۆستا بێبەش پەخشانێکی لەژێر ناوی پەپوولەکان پێشکەش کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی یەکیەتیی لاوان، ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن ڤیان قادری خوێندرایەوە.

دواتر سروودێک لەژێر ناوی قازی محەممەد لە لایەن هونەرمەند غوڵام فاتحیپێشکەش کرا.

هەروەها شێعرێک لەژێر ناوی خەوا شیرین لە لایەن پێشمەرگە حیکمەت نەبی زادە خوێندرایەوە.

پاشان شایان خزری شێعرێکی لەژێر ناوی شەهید پێشکەش کرد.

لەبڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، بەشداربوان بەمەبەستی ڕێزگرتن لە شەهیدان، سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێمۆکراتیان لە جێژنیکان کرد.

لەو بڕگەیەدا تاجەگوڵینەیەک لە لایەن سەدیق دەرویشی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەهار خۆشمیر زادە هاوسەری شەهید جەماڵ ئیسماعیلی شەهیدی ڕاسان، لە سەر گڵکۆی شەهید قادر کەریمی دانرا.

لە بڕگەی سێهەمی رێوڕەسمەکەدا، پیشانگای وێنەی شەهیدانی ناوەندی ٣ کە پێکهاتبوو لە وێنەی شەهیدانی کۆمیتە شارستانەکانی، شنۆ، نەغەدە، پیرانشار، ئورمیە، سەڵماس، خۆی و ماکۆ که لە لایەن ماریا قوربانی هاوسەری شەهید لوقمان شێخانی و گزینگ حاجی پوور کچی شەهید قادر کرایەوە.