کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن شەرەفی: مالیکی بەهۆی شکستی پرۆژەکەی بۆ دەرکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بانگهیشتی ئێران دەکرێت

16:04 - 22 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئاماژە بەوە دەکات کە؛ پرۆژەکەی نووری مالیکی بەکۆی دەنگی حیزبەکانی کوردستان و دڵسۆزانی دیکە شکستی هێناوە، بۆیە بۆ ئەستۆ پاکیی خۆی بۆ ئێران دەچێت.

حەسەن شەرەفی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی باسنیوز ڕایگەیاندووە: دوای ئەوەی نووری مالیکی لە دەرکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستان شکستی هێنا، بڕیارە بانگهێتشی ئێران بکرێت و لەوێ پاساوی خۆی بۆ ئێران بێنێتەوە کە بۆچی شکستی هێناوە.

شەرەفی هەروەها باسی لەوە کردووە که: لەوە دەچێت نووری مالیکی ئەمجارە لە ئێران ڕاشکاوانە بڵێت کە حیزبەکانی کوردستان لەدژی پرۆژەکە بوون و نەیانهێشت بێتە ئەنجومەنی نوێنەران، دەنا ئەوەی لە توانایدا بووە لەسەر ئەو پرسە ئەنجامی داوە و ئێستاش کە ئەو پرۆژەیە سەری نەگرتووە، ئەوە هیچ بەرپرسیاریەتیەکی ئەوی تێدا نییە.

جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم حیزبەکانی کوردستان لەدژی پرۆژەکە بوون، بۆیە ڕێگا نەدرا بە سیاسەتی ئێران ئەو حیزبانە لە عێراق دەربکرێن و بانگهێشتی نووری مالکییش بۆ لێپرسینەوە بووە لەو پرۆژەیە.