کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای شۆڕشی ڕێژیم لە گیانکێشانی خەڵک بەردەوامە

17:44 - 27 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: لەماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٢٠٠ کەس لە ئێران بە بڕیاری دادوەرانی دادگای شۆڕش بردراونەتە بەردەم پەتی سێدارە.

بەپێی ئامارە بڵاوبووەکان، ڕێژەی لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی تۆمەتبار بە تاوانگەلی ئەمنیەتی وەک چالاکیی سیاسی، مەدەنی و حاڵەتی موحاربە و ماددەی هۆشبەر، لەو ساڵانەی دوایی‌دا ڕووی لە هەڵکشان بووە.

سەپاندن و جێبەجێکرانی ئەو سزایانە لەلایەن دادگایەکەوە بووە کە سەرەتای شۆڕش بە شێوەی کاتی بۆ دادگایی کردنی بەرپرسانی ڕێژیمی پێشوو پێک هات.

ئێستا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە پشتبەستن بە ئامارە کۆکراوەکان باس لە ڕۆڵی گرنگی دادگای شۆڕش لە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان لەم ساڵانەی دوایی‌دا دەکات.

لە ئامارەکاندا هاتووە کە؛ دادگای شۆڕش بەرپرسی نیوە زیاتری ٣٢٠٠ ئیعدام لە کۆی ٤٧٤١ ئیعدامی ساڵەکانی نێوان ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٦ بووە.

ڕەوتی دادڕەسی لە دادگاکانی شۆڕش بەبیانووی لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە، نهێنی دۆسییەکان و یان شیاو نەبوونی پارێزەر بۆ دەستڕاگەیشتن بە دۆسیەی بریگرتە(موکل)، ناڕوونییەکی زۆرتری بە نیسبەت دادگای گشتی هەیە.

دەسەڵات و دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنی و نیزامییەکان لە دەزگای دادوەری بووەتە هۆی چوونە ژێر پرسیاری ڕەوتی دادڕەسی لە دادگای شۆڕش و نەمانی ڕەوایی ئەو دادگایە.

کوشتنی بەکۆمەڵی زیندانییانی سیاسی دەیەی شەست بە یەکێک لە ڕەشترین لاپەرەکانی مێژووی ٣٨ ساڵەی دادگای شۆڕشی ڕێژیم دێتە هەژمار.