کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاخوند جەننەتی داوای کرد کەمینە ئایینییەکان بۆ هەڵبژاردنەکان تەئید نەکرێن

17:01 - 30 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: ئاخوند \'ئەحمەد جەننەتی سەرۆکی شوورای نیگابانی ڕێژیم داوای کرد کە بەربژێرەکانی سەر بە کەمینە ئایینییەکان لە هەڵبژاردنی شووراکاندا تەئید نەکرێن.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە کە جەننەتی لە بەخشنامەیەکدا داوای کردووە بەربژێرەکانی کەمینە ئایینییەکان لە هەڵبژاردنی شۆراکاندا تەئید نەکرێن.

عەباس کەدخۆدایی وتەبێژی شوورای نیگابانی ڕێژیمی ئێران نامەی جەننەتی لەوبارەیەوە تەئید کردووە.

جەننەتی تەئیدی ئەو بەربژێرانەی دژی یاسای شەرع و بیرۆکەی خومەینی وەسف کردووە و گوتویەتی لەو ناوچانەی کە زۆربەیان موسوڵمانن لە تەئیدی بەربژێری کەمینە ئایینییەکان لە هەڵبژاردنەکانی شوورادا خۆ ببوێرن.

جەننەتی ئەو بڕیارەی بەپێی ئەسڵی چوارەمی یاسای بنەڕەتی ڕێژیمی ئێران داوە کە بەپێی مادەی ١٩ و ٢١ی ئایین‌نامەی نێوخۆی شوورای نیگابان، بۆچوونی ئاخوندەکانی ئەو شوورایە سەبارەت بە تێبینی ١ ماددەی ٢٦ی یاسای تەشکیلات، ئەرک و هەڵبژاردنەکانی شوورای وڵات و هەڵبژاردنی شارەدارەکان، پەسندکراوی ساڵی ١٣٧٥ هاتووە ئەو ناوچانەی کە زۆربەیان موسوڵمانن هەڵبژاردنی کەسانی غەیرە موسڵمان کە خۆیان بۆ شوورای شار و گوندەکان هەڵبژاردووە دژی قسەکانی خومەینی و شەرعه.

ئەو بڕیارەی ئاخوند جەننەتی لە کاتێکدایە کە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە کۆنوانسیۆنی جیهانیی ڕێنوینیی گەشتیاران گوتبووی؛ ئێران نموونەی پێکەوەژیانی ئایینەکانە.

قسەکانی ڕۆحانی لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لە بیاڤی کەمینە ئایینییەکاندا، دەستبەسەرکرانی شارۆمەندانی سەر بە کەمینەکان لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٥دا، سەدی ٨ بەرز بووەتەوە و هەروەها سەپاندنی حوکمی زیندان لە لایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە سەدی ٩٥ زیادی کردووە، و ئەم ئامارە باس لە سەدی ٤٠ی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ڕابردوو لە ئێراندا دەکات.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای دەسەڵاتداریی خۆیەوە هەموو هێز و توانای خۆی بۆ سەرکوتی چالاکان و خەڵکی ئێران، بە تایبەت کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە هەر شوێنێکی ئێران بەکار هێناوە و لە هیچ کردەوەیەک بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجە دزێوەکانی خۆی درێغی نەکردووە.