کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆدەنگی ئامریکاییەکان لەدژی ڕێژیم بەهێزتر دەبێت

17:21 - 30 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: وەزیرانی دەرەوە، خەزێنەداری و بەرگری ئامریکا وێڕای کۆشکی سپی هەر کام بەشێوازێک باسیان لە زیاتر کردنی گوشارەکان بۆ سەر ڕیژیمی تاران کرد.

ڕێکس تەیلێرسۆن وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە نامەیەکدا بۆ پۆل رایان سەرۆکی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا بە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوە، جارێکی دیکە باسی لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی یەکێکە لە پشتیوانانی سەرەکی تێرۆریزم و ئەمەش جێگەی قبووڵ کردن نییە.

لەلایەکی دیکەوە ستیڤێن مێنۆچین وەزیری خەزێنەداری ئامریکا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی فاینێنشناڵ تایمزی بریتانیا ڕایگەیاند گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر رێژیمی تاران و کۆرەی باکوور گرینگ بوون و لەگەل ئەوەیکە کاریگەری خۆیان هەبووە لە داهاتووشدا زیاتر دەکرێن.

ناوبراو وتوویەتی: ئێمە لە حەوتووی ڕابردوودا کۆمەڵێک گەمارۆمان خستە سەر ئێران بەهۆی پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤەوە؛ لە داهاتوویەکی نیزیکیشدا ڕێژەی گەمارۆکان لەم چوارچێوە زیاتر دەکەین.

ژێنێراڵ جەیمز مەتیس وەزیری بەرگری ئامریکاش لە کاتی سەفەر بۆ عەرەبستانی سعودی باسی لە قەیرانی حوسییەکانی یەمەن کرد و وتی: ئەو مووشەکانەی کە حوسییەکان لە دژی سعودیە کەڵکی لێوەردەگرن درووستکراوی دەستی ئێرانن؛ بۆیە پێویستە دەستی ئێران لەم قەیرانەدا کوورت بکرێتەوە.

ئاسۆشیتێدپرێس سەبارەت بەم سەفەرەی وەزیری بەرگری ڕایگەیاندووە ناوبراو لە سەفەرکەیدا کە چەند وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لەخۆ دەگرێت بە جیددی لەسەر شێوازی خەبات بەدژی تێرۆریزم کار دەکات و هەندێک گەڵالەی نوێیش لەمبارەوە دەخاتە ڕوو.

ئەم لێدوانانەی وەزیرانی ئامریکا سەبارەت بە ئێران هاوکاتن لەگەڵ هەوڵەکانی کۆشکی سپی کە بەوتەی گۆڤاری فارێن پالیسی لە ڕاستای تاوتوێ کردنی تەحریمی نوێ و تووندتر بەتایبەت لەدژی سپای پاسدارانی ڕێژیمدایە.

بەپێی ئەم راپۆرتە ئیدارەی نوێی واشەنگتۆن سوورە لەسەر ئەوەیکە تەحریمە ئابوورییەکان لەدژی تاران زیاتر بکرێت؛ ئەمەش بۆ کوورت کردنەوەی دەستی ئێران لە دەستێوەردانە ناوچەییەکان، سازکردنی مووشەکی بالێستیک و هاوکاری کردنی لایەنە تووندڕەوەکان.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جەندین سێناتۆر و سیاسەتداڕیژی ئامریکایی لە گەڵاڵەی هاوشێوە و جیا لە یەک داوایان لە لیپرسراوان و بەشە پیوەندیدارەکانی ئامریکا کردووە کە زەخت و گوشارەکانیان بۆ بەچۆکداهێنانی کۆماری ئیسلامی زیاتر بکەن و بە مەجدییەکی زیاترەوە لەم ڕاستایەدا هەنگاو بنێن.