کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەیمز مەتیس جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر کۆماری ئیسلامی

17:24 - 3 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: وەزیری بەرگری ئامریکا کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری ناسەقامگیری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ناوزەد کرد.

ژێنڕاڵ جەیمز مەتیس، وەزیری بەرگری ئامریکا لە سەفەری خۆیدا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و لە دیداری لەگەڵ ئەمیری قەتەر و هەروەها وەزیری بەرگری ئیسڕائیل باسی لە نەخشی نێگەتیڤی کۆماری ئیسلامی لە ڕووداوەکانی ناوچەدا کرد و وتی: کۆماری ئیسلامی هۆکاری نائەمنی و ناسەقامگیری ناوچەیە.

ناوبراو کە دوێنێ سەردانی دۆحە پێتەختی وڵاتی قەتەری کرد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شێخ تەمیم بێن حەمد دڵنیای کردەوە کە واشەنتۆن پێوەندییەکانی لەگەڵ قەتەر بە قورس و قایمی ڕادەگریت و لە بەرامبەر هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ نائەمن کردنی ناوچە ڕادەوەستیت.

مەتیس ئەم قسانەی ڕۆژی پیشتر و لە چاوپێکەوتن لەگەڵ شائۆل مۆفاز وەزیری بەرگری ئیسڕائیل کردبوو و گووتبووی: کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیەکی جیددیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچە و ئیسڕائیل و دراوسێکانی خۆی.

ژێنێراڵ جەیمز مەتیس وەزیری بەرگری ئامریکاش لە کاتی سەفەر بۆ عەرەبستانی سعودی باسی لە قەیرانی حوسییەکانی یەمەن کرد و وتی: ئەو مووشەکانەی کە حوسییەکان لە دژی سعودیە کەڵکی لێوەردەگرن درووستکراوی دەستی ئێرانن؛ بۆیە پێویستە دەستی ئێران لەم قەیرانەدا کوورت بکرێتەوە.

ئاسۆشیتێدپرێس سەبارەت بەم سەفەرەی وەزیری بەرگری ڕایگەیاندووە ناوبراو لە سەفەرکەیدا کە چەند وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لەخۆ دەگرێت بە جیددی لەسەر شێوازی خەبات بەدژی تێرۆریزم کار دەکات و هەندێک گەڵالەی نوێیش لەمبارەوە دەخاتە ڕوو.