کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێنامین نتانیاهو: ئەو کەسانەی داوای لەنێوبردنی ئیسرائیل دەکەن خۆیان لەژێر هەڕەشەی لەنێوبردندان

22:24 - 5 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: بێنامین نتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی ڕابردوو بە بۆنەی ڕۆژی شوئا و هۆلۆکاست، هەڕەشەی لەنێوبردنی لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە داوای لەنێوبردنی ئیسرائیل دەکەن.

ڕادیۆ فەڕانسە لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە؛ بێنامین نتانیاهو لە مۆنۆمێنتی یاد واشم لە بیتولموقەدەس‌ ڕایگەیاند: ئەو کەسانەی کە هەڕەشە لە ئێمە دەکەن، خۆیان لەژێر مەترسیدان، چوونکه ئێمە لە خەڵکانێکی بێ پشتیوانەوە بووینەتە وڵاتێکی بەهێز و لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا لە یەک پلەدا جێگامان گرتووە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کرد کە؛ ڕێژیمی ئێران و گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی خوازیاری لەنێوبردنی ئێمەن و ڕقی ئەوان لە جوولەکەکان هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئیسرائیل.

لە ڕێوڕەسمی بیرئانینی ڕۆژی شوئا و هۆلۆکاست لە مۆنۆمێنتی یاد واشم لە بیتولموقەدەس‌، شەش کەس لەو کەسانەی لە کوشتاری جوولەکەکاندا لە مردن ڕزگاریان ببوو، بۆ ڕێزگرتن لە ٦ میلیۆن جوولەکەی گیانبەختکردوو لە شەڕی دووهەمی جیهانی‌دا مەشخەڵیان هەڵکرد.

زیاتر لە ٢١٣ هەزار کەس لەو کەسانەی لە کوشتاری جوولەکەکان گیانیان ڕزگار ببوو، هەنووکە لە ئیسرائیل دەژین.