کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوودجەی دەزگای ژینگەپارێزی خووزستان یەکسانە لەگەڵ نرخی ئاپارتمانێکی ئاسایی لە تاران

16:58 - 7 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: بوودجەی پارێزگای خووزستان بۆ پاراستنی ژینگە بریتییە لە ١ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەن، کە ئەمەش یەکسانە لەگەڵ نرخی ئاپارتمانێکی ئاسایی مامناوەند لە شاری تاران و تەنیا دەتوانێ مووچەی کارگێڕ و کارمەندەکانی ئەم ئیدارە دابین بکات.

هەواڵدەریی حکومەتیی ئیرنا لە زاری ئەحمەدڕەزا لاهیجانزادە سەرۆکی ئیدارەی ژینگەپارێزی پارێزگای خووزستانەوە بلاوی کردەوە: ئەو بودجەیەی بۆ پارێزگای خووزستان دیاری کراوە تەنیا دەتوانێ مووچە و حەقدەستی مانگانەی کارمەندەکان دابین بکات، لە حاڵێکدا کە پارێزگای خووزستان بەتایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی جیددیی ژینگەیی بەرەوڕوو بووەتەوە و پێویستە ئاوڕی خێرای لێ بدرێتەوە.

بە وتەی ناوبراو ئەگەر هەر بەم شێوەیە بە کەمتەرخەمییەوە سەیری ڕەوشی ژینگەیی خوزستان بکرێت، لە داهاتوویەکی نیزیکدا کۆمەڵێک قەیرانی مرۆیی و ژینگەیی قەرەبوونەکراویش دێنە ئاراوە.

پارێزگای خووزستان کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە نەتەوەی عەرەبن، وەک هەموو هەرێمەکانی دیکە کە نەتەوەکانی ئێرانی تێدا نیشتەجێیە لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە لە پەراوێز خراوە و سەرباری بوونی جۆراوجۆریی ژینگەیی لەوانە ٣٥ هەزار هێکتار دارستانی بەڕوو، کۆمەڵێک تاڵاوی بەناوبانگ، پێنج ڕووباری هەمیشەیی و لێڕەوارە بەناوبانگەکانی دێز و کەرخە و دەشتی ناوازەی خووزستان کە بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوە توانای دابین کردنی خواردنی چەندین میلیۆن کەسی هەیە، بە یەکێک لە پارێزگا هەژارنشینەکانی ئێران ناسراوە.

ئەمە جیاواز لە بوونی کۆمەڵێک سەرچاوەی ژێرزەوینیی پڕبایەخی وەکوو نەوت و گاز کە تەنیا ناوەندنشینەکانی ڕێژیم لێی بەهرەمەند دەبن و خەڵکی ناوچەکە کەمترین پشکیان بەر نەکەوتووە.