کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیکی هێڵی: بۆ کۆتایی هێنانی شەڕ لە سووریه گوشار بخەنە سەر ڕووسیه

17:31 - 8 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: باڵوێزی وڵاتی ئامریکا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە فشار بخەنە سەر وڵاتی ڕووسیه بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی سووریه.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە؛ نیکی هێڵی باڵوێزی ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو ڕێکخراوە کردووە فشاری تەواو بخەنە سەر وڵاتی ڕووسیه بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکان لە سووریه.

هێڵی سەبارەت بە ڕووسیه‌ی هاوپەیمانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە شەڕی نێوخۆیی سووریەدا گوتویەتی: ئەوان ئەگەر بیانهەوێت دەتوانن ئەمە بوەستێنن، پێویستە فشار بخەینە سەر ڕووسیه.

ڕووسیه لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی مافی ڤێتۆی دژی هەشت بڕیار، سەبارەت بە سووریە بۆ پاراستنی حکومەتی ئەسەد بەکارهێنا.

باڵوێزی وڵاتی ئامریکا هەروەها گوتویەتی: ڕووسیه بەردەوامە لە پاراستنی ڕێژیمی سووریه، ڕووسیه بەردەوامە لەوەی ڕێگەیان پێ‌بدات کە نەهێڵن هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە دەستی ئەو خەڵکانەی کە پێویستیان بە یارمەتی هەیە، ڕووسیه بەردەوامە لە پاڵپشتی کردن لە سەرۆکی ڕێژیمێک کە چەکی شیمیایی دژی گەلەکەی بەکاردەهێنێت.

لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریەوە، کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە لە نێوان ڕێژیمی ئەسەد و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە سەری هەڵداوە، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاووڵاتی کوژراون و زیاتر لە ٥ میلیۆن هاووڵاتیی دیکەش ئاوارە بوونه، ڕێژیمی ئێران بە هەموو توانایەکیەوە بەرگری لە ڕێژێمی بەشار ئەسەد دەکات و وێڕای دابین کردنی چەکوچۆڵ، شان بە شانی شەڕ دەکات.