کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەمیر جەعجەع: ڕێژیمی ئێران هۆکاری کێشەکانە

17:46 - 16 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: یەکێک لە سەرکردەکانی لوبنانی باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران دەست بخاتە هەر شوێنێک کێشەی لێ دروست دەبێت و هۆکاری کێشەکان ئەو ڕێژیمەیە.

سەمیر جەعجەع، سەرۆکی حیزبی هێزەکانی لوبنان (حزب القوات اللبنانیە) لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ڕایگەیاندووە، ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئێران بە داخەوە کەشێکی شەڕاوی دروست کردووە و روو لە هەڵکشانە.

جەعجەع هەروەها باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران هۆکاری کێشەکان لە ناوچە دایه.

سەمیر جەعجەع لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە ڕێژیمی ئێران لە عێراق و لوبنان ناتوانێ ڕووبەڕووی ئامریکا ببێتەوە و دەستەوەستانیش ناوەستێ و رەنگە لە سووریه وڵامی ئامریکا بداتەوە.

ئەو سەرکردە لوبنانییە ڕایگەیاندووە کە ئێران دەست بخاتە ناو کاروباری هەر وڵاتێک، کێشەکان لەو وڵاتە سەر هەڵدەدەن، چونکە ئێران ڕێز لە یاساکانی ئەو وڵاتانە ناگرێت.

سەمیر جەعجەع نموونە ڕایگەیاندووە، کە ”ئەگەر ئێران نەبێ، بەشار ئەسەدی سەرۆکی ڕێژێمی سووریه ناتوانێ لە دەسەڵات بمێنێتەوە.

هەتا ئێستا زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و جیهان و بەتایبەت وڵاتانی عەرەبیی وەکوو یەمەن، بەحرەین و میسر، رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتەکانیان تاوانبار کردووە.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و پشتیوانی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچە، بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەو ڕێژیمە ئێستا وەکوو گەورەترین پشتیوانی ماڵیی تیرۆریزم لە جیهاندا بناسرێت.