کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە شاری هەولێر بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دا

23:35 - 19 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: سۆران شافعی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری هەولێر بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دا.

شەوی دووشەممە ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، سۆران شافعی، ناسراو بە سۆران سەقزی، ئەندامی حیزبی دێموکرات لە شوێنی کارەکەی خۆیدا بە ڕووداوێکی گوماناوی گیانی لە دەست دا.

سۆران سەقزی کە خاوەنی ڕێستۆرانی زێویە لە شەقامی ١٠٠ میتریی شاری هەولێرە لە شوێنی کارەکەی گیانی لە دەست داوە.
ناوبراو بە فیشک گیانی لە دەست داوە و شێوەی گیان لە دەستدانی گوماناوییە.

لەم بارەیەوە محەممەدساڵح قادری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری هەولێر ڕاگەیاند: ئێمە بۆ ڕاستیی ڕووداوەکە، داوای ڕوونکردنەوەمان لە پۆلیس کردووە و چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی پزیشکین.

سۆران سەقزی، لە دایکبووی شاری سەقز سەر بە کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. ناوبراو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چالاکوانی سیاسیی میدیاکار بووە و هەروەها ماوەی چەند ساڵ دانیشتووی وڵاتی سوئێد بووە.

ناوبراو کەسێکی چالاکی بواری ڕاگەیاندن بوو و چەند ساڵێک لە کەناڵی (تیشک تیڤی) پێشکەشکاری بەرنامەی لاوان و هاوکات لە کەناڵی (کوردسات)یش بەرنامەی دیکیۆمێنتاریی (سەیر و سەفەر)ی ئامادە دەکرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەس و کاری ناوبراو دەکات و خوی بە شەریکی خەمیان دەزانێت و داواکارە لە دەزگا پێوەندیدارەکانی کوردستانی باشوور کە دیوی راستیی رووداوەکە بۆ رای گشتی و بنەماڵەی کۆچکردوو و هاوڕێیانی لە حیزبی دیـمکراتدا روون بکەنەوە.