کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکرات لە سەر پرسی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە

16:55 - 25 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکرات لە سەر پرسی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان ڕوو لە خەڵکی کوردستان و ڕێکخستنە نهێنییەکانیان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخستنە نهێنیەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و حیزبی دێموکرات لە سەر پرسی هەڵبژاردن

هاونیشتمانانی بەڕێز!

ڕێكخستنەكانی كۆمەڵە و دێمۆكرات!

چالاكانی سیاسی و مەدەنی!


ڕۆژی ٧ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، هەروەك ئاگادارن شەش حیزبی كوردستانی ڕۆژهەڵات پێكەوە لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا داوایان لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كرد كە بەشداری لە شانۆگەری هەڵبژاردنی سەرۆک كۆماری و شۆرای شارو دیهاتەكانی كوردستاندا نەكەن. بە درێژایی ٣٩ ساڵ حاكمیەتی خۆسەپێنی كۆماری ئیسلامی لە ئێران، هەموو بنەماكانی هەڵبژاردنی ئازادی خستووەتە ژێر پرسیار و تەنیا مەبەستی لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن فریودانی خەڵكی ئێران و جیهانی دەرەوەیە.

لەم ڕۆژانەشدا میدیاكان ، بەربژێرەكانی سەرۆک كۆماری و كار بەدەستانی دیكە سەرقاڵی هاندان و ڕووماڵكردنی پرۆسەی شانۆی بەناو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارین لە ئێران و كوردستان.

لە وڵاتانی دێموكرات و ئازارد هەڵبژاردن وەک یەكێک لە كۆڵەكە و بنەماكانی دێموكراسی دەژمێردرێ و تاك ئازادە و لە رێگای دەنگەكەیەوە گۆڕانكاری لە دەسەڵات و ژیانی خۆی و هاوشێوەكانی دەكا بەڵام، لە ئێران هەڵبژاردن بە تەواوەتی بۆ خزمەت بە نیزامی سیاسی داپلۆسێنەر كەڵكی لێ وەردەگیرێ. هەمووان لە مەبەست و ویستەكانی ڕژیم لە بە ناو هەڵبژاردنانە نزیک بە چوار دەیەی حاكمییەت تێگەیشتووین و پێویست بە ئاوڕدانەوەیەكی ورد ناكات.

لە هەموو پرۆسەكانی بە ناو هەڵبژاردن، بەدانی بەڵێنی درۆ و دوور لە ڕاستی و بێ كردەوە هەوڵییان ئەوە بووە كە بگەنە دەسەڵات و بەجێگای خزمەتكردن بە دانیشتوانی ئێران و كوردستان پەرەیان بە گەندەڵی، ڕانتخاری، پڕكردنی گیرفانی خۆیان و پۆشتە كردنی دام ودەزگا سەركوتگەرەكانیان بوون ،بۆ كپ كردنی هەموو دەنگێكی ناڕازی لە ئێران وكوردستان بە تایبەتی.

هەموو ئەو قەیران و نەهامەتیانە وەكوو بێكار، هەژاری، گەندەڵی، نەبوونی ئازادی و دێمۆكراسی كە شۆڕشی ٥٧ی گەلانی ئێرانی لێكەوتەوە، دیارە نەک هەركەم نەبوەتەوە بەڵكوو چەند قات زیاتر بووە، دیاردە كۆمەڵایەتیەكان وەكوو تووشبوون بە مادەی هۆشبەر، لەشفرۆشی و پەرەسەندنی دەیان بەڵای كۆمەڵایەتی تان و پۆی كۆمەڵگای تەنییوە.

لەماوەی حاكمیەتی كۆماری ئیسلامی ئاستی گوزەران، گەشە سەندنی ئابووری و سیاسی، هیوا بە داهاتوو تا هاتووە خراپتر بووە.

ئەمەیش بەرهەمی سیستمی سیاسی و ئابووری سەقەتی كۆماری ئیسلامیە كە ڕێبەران و بەرپرسانی بەرپرسیارن لەم بارودۆخە.

دۆخی مامۆستایان، خوێندكاران، ژنان و مافە نەتەوەییەكان، ئایین و مەزهەبە جیاوازەكان قەیراناوی و مەجالی ڕێكخستنی هەرچەشنە میتینگ و خۆپیشاندانی هێمنانەیان لێ زەوت كراوە، هەوڵ بۆ هێنانە گۆڕێ داواكاریەكانیان بە ناوی دژایەتی لەگەڵ حاكمیەتی نیزام و حكوومەتی خودا تووشی سەركوت، زیندان و ئەشكەنجە دەكرێنەوە.

بە بوونی لەمپەرە یاساییەكانی وەك دەسەلاتی رەهای خامنەیی،شۆرای نیگابان، نزارەتی ئیستیسوابی،بەڕێوە بردنی پرۆسەی هەڵبژراردنی ئازاد و دێمۆكراتیك بێ مانایە و بەشێوەیەكی ئامانجدار ئەو مافەیان لە خەڵكی ئێران و كوردستان بەتایبەتی زەوت كردووە.

بەم كارنامە رەش و باكگراوندە مێژوویی و سیاسیەی كە ڕژیم بۆخۆی تۆماری كردووە نابێت هیچ چەشنە هیوایەك بە گۆڕان و دیسكۆرسی ئیسلاحخوازی ناو ڕژیم هەبێت و نابێت خەڵكی هیوایەكیان پێ بێت.

بۆیە ئێمە بە ئەركی رێكخستنەكانی كۆمەڵە و دیمۆكرات، چالاكانی سیاسی و مەدەنی، هەروها كەسایەتی كۆمەلاتیەكان دەزانین لە پێناو وریا كردنەوەی خەڵك بۆ بەشداری نەكردن لە پرۆسەی بە ناو هەڵبژاردن دەورو كاریگەری خۆیان بنوێنن. گرینگە خەڵكی كوردستان ڕۆژی ٢٩ی بانەمەڕ یا لە ماڵ بمێننەوە یا لە بری ڕۆیشتن بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان روو دەرەوەی شار بكەن بۆ گەشت و سەیران و تێكەڵ بە سروشتی جوانی كوردستان بن.

بڕووخێ ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

كۆمیتەی زاگرۆس و كۆمیسیۆنی تەشكیلات

٢٠١٧/٥/١٣
١٣٩٦/٢/٢٣