کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری سعوودیە لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕێژیمی ئێران پشتیوانی تێرۆریزمە

18:30 - 28 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: نوێنەری عەرەبستانی سعوودی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێژیمی ئێرانی بە پشتیوانی لە تێرۆریزم و هەڕەشە بۆ ناوچەکە وەسف کرد.

هەواڵدەریی العربیە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، بڵاوی کردەوە نوێنەری عەرەبستانی سعوودی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران فریوکار، پشتیوانی تێرۆریزم و هەڕەشەیەکە بۆ سەر ناوچەکە.

لەو نامەیەدا هاتووە: ئێران بە کردەوەی تێکدەرانەی خۆی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و تاوانی جەنگی و جینایەت دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات.

عەرەبستانی سعوودی لەو نامەیەدا باسی لە هەناردەکردنی ئیدئۆلۆژیی توندڕەوانەی ئێرانی لە لایەن سپای پاسدارانی ئێران و پەرەپێدانی تێرۆریزم لە جیهاندا لە ڕێگای یارمەتی چەک و چۆڵ، دارایی، مرۆیی بە میلیشاکانی وەک حیزبوڵڵا و تایفەیی وەک عێراق کردووە.

ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای داڵدەدانی کەسانی تیرۆریست، کردنەوەی شوێنی مەشق و راهێنانی تێرۆریستان، قاچاخی چەکوچۆڵ، ئەنجام‌دانی کردەوەی تیرۆریستی لە وڵاتانی عەرەبی و دەستێوەردانی جۆراوجۆر، ئەمنیەتی ئەو وڵاتانەی خستووەتە مەترسییەوە.

ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە ناسەقامگیری و تێکدانی ئەمنییەتی وڵاتانی ناوچە و پشتیوانیی ئەو ڕێژیمە لە گرووپە توندڕەوەکان بەردەوام ڕەخنە و ناڕەزایەتی بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ناوچەکەی لێ‌کەوتووەتەوە.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچە، بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەو ڕێژیمە ئێستا وەکوو گەورەترین پشتیوانی ماڵیی تیرۆریزم لە جیهاندا بناسرێت.