کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا گەمارۆی نوێی دژی ڕێژیمی ئێران پەسند کرد

18:32 - 28 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا گەمارۆی مووشەکی دژی ڕێژیمی ئێران زیاد و گەمارۆی بەرنامەی ناوکی درێژ کردەوە.

هەواڵدەریی ئاسۆشیتێد پرێس بڵاوی کردەوە که سەرکۆماری ئامریکا دۆناڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، هەڵپەساردنی گەمارۆ ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێرانی بۆ ١٢٠ ڕۆژی دیکە درێژ کردەوە و هەروەها گەمارۆی ئابووریی نوێی دژی ڕێژیمی ئێران بە هۆی چالاکییە مووشەکییەکانی ئەو ڕێژیمە پەسند کرد.

بەپێی ئەو ڕاپۆرته وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کۆنگرەی ئەو وڵاتەی ئاگادار کردووەتەوە کە گەمارۆ ئابوورییەکانی پەسندکراو دژی ڕێژیمی ئێران لە بەشی ناوکی‌دا هەڵدەپەسێرێت.

ترامپ لە سەردەمی هەڵبژاردنەکانی خۆیدا باسی لەوە کردبوو پێداچوونە بە بەرجام‌دا دەکات.

ستوارت جۆنز یەکێک لە دیپلۆماتکارە پلەبەرزەکانی ئامریکا و بەرپرسی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕۆژی چوارشەممە باسی لەوە کردبوو بۆ ئەوەیکە پێش بە هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران بگیرێت بۆ ماوەیەکی کاتی پێداچوونە بە بەرجامدا ناکەین.

مورتەزا فەراست پوور و ڕەحیم ئەحمەدی لە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران و هاووڵاتییەکی چینی بە ناوی ڕوان ڕووڵینگ ئەو کەسانەن کە گەمارۆیان دژی پەسند کراوە.

فەراست پوور لە کاروباری فرۆشتن و ڕاگواستنی مەوادی تەقینەوە و ڕەحیم ئەحمەدیش بەڕێوەبەری گرووپی پیشەیی باکریە کە بەرپرسی سووتەمەنیی جامد بۆ مووشەکە بالستیکەکانی ئێرانە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لەو لیستەی نوێی گەمارۆ ئابوورییەکاندا سێ دامەزراوەی چینی وەک شانگهای نورث بیگینز اینترنشنال، شانگهای گنگ کوان ترید و شانگهای نورث ترانسوی اینترنشنال وێڕای متین صنعت نیک اندیشانی ڕێژیمی ئێرانی خستووەتە نێو لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە.

باراک ئۆباما سەرکۆماری پێشووی ئامریکا پێشتریش لە بەیانییەیەکدا باسی لە کردەوەی تێکدەرانەی ڕێژیمی ئێران لە کەنداو، سووریه و هەڕەشە لە ئیسرائیل کردبوو و جەختی کردبۆوە کە بە هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، پشتیوانی لە تێرۆریزم و درێژەدان بە بەرنامەی مووشەکی، بەشێک لە گەمارۆکان لەسەر وڵاتی ئێران وەک خۆی دەمێنێتەوە.

یاسای گەمارۆکانی سەر ئێران واتە ASA ڕێکەوتی ٣١ی دێسامبری ئەمساڵ ماوەکەی کۆتایی پێهات، بەڵام گەمارۆی دیکە لە بواری بازرگانی، وزه، بەرگری و پیشەسازیی بانکی کە پێوەندییان بە پرسی ناوکیی و مووشەکە بالستیکەکانی ڕێژیمەوە هەیە، لە لایەن ئامریکاوە درێژ کرانەوە.

لە سالی ٢٠٠٩ی زایینیەوە کە گەمارۆ ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی رێژیمی ئێران پەسند کراون، ژمارەیەکی زۆر لەو کەس، شیرکەت و دامەزراوەگەلەی کە هەوڵی یارمەتیدان بە رێژیمی ئێران و دەورلێدانەوەی گەمارۆکانیان داوە؛ لەلایەن ئامریکاوە دەستنیشان و سزا دراون.