کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوەدێریی مافی مرۆڤ/ ژنانی ئێران بەرانبەر هەڵاواردن و بەربەست دەبنەوە

17:46 - 5 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا پڕژاوەتە سەر دۆخی ژنانی ئێرانی و ڕەخنەی لە هەڵاواردن و نانەوەی بەربەست لەسەر ڕێگای ژنان لە بازاڕی کار و کۆمەڵگادا گرتووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی جۆزەردان، ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ، ڕاپۆرتێکی لە ژێر ناوی ئەم کۆمەڵگا پیاوانەیەی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕەخنەی لە پێکهاتەی تەژی لە نابەرابەری و هەڵاواردنی ئێران گرتووە و داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە؛ بە مەبەستی نەهێشتنی ئەو بەربەستانە، چاکسازی لە یاساکان و دۆخی کۆمەڵایەتیی خۆیدا بکات.

لە ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە ناحکوومییە جیهانییەدا هاتووە؛ ژنان لە ئێراندا لەگەڵ کۆمەڵێک بەربەستی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەرەوڕوون کە نەک هەر ژیانیان، بەڵکوو بژیویشیان بەرتەسک دەکاتەوە و دواجار دەبێتە هۆی نابەرابەری ئابووریی ئاشکرا لە ژیانیاندا.

ئەو ڕێکخراوە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە؛ ژنان زیاتر لە ٥٠ لە سەدی دەرچوانی زانکۆ پێکدێنن، کەچی تەنیا لە سەدا ١٧ ی ژنان دەتوانن بگەنە بازاڕی کار.

پێشتریش، کۆمەڵگای جیهانیی ئابووری لە ڕاپۆرتێکدا، ئێرانی لە باری هەڵاواردنی ڕەگەزییەوە لە نێوان ١٤٥ وڵاتدا، لە ڕیزی ١٤١ەمین وڵاتدا دانابوو.

چاوەدێریی مافی مرۆڤ، بەشداریی ئابووریی بە یەکێک لە خاڵە بەرچاوکانی نابەرابەریی بۆ ژنان لە ئێراندا ناوزەد کردووە و دەڵێت؛ جیاوازیی بەرچاو لە سەرجەم بوارە ئابوورییەکاندا بوونی هەیە و ڕێژەی بەشداریی ژنان لە پۆستە باڵا حکوومییەکان و پێگە بەڕێوەبەرییەکانی وڵات، لە کەرتی تایبەتدا بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەی ژنان لە کۆمەڵگادا، پشکێکی زۆر کەمە و بەرپرسانی ئێرانی مافە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ژنان بە ڕادەیەکی بەرچاو پێشێل دەکەن.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەو پێیە کە یاساکانی لەسەر بنەمای شەرع دادەڕێژێت، لە لایەن دەوڵەتەکان و ناوەندە نێو نەتەوەییەکان، و لەوانە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ و بەتایبەتی ژنان تاوانبار کراوە.