کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن نەسروڵڵا هۆشداری بە سعوودیە دەدات

18:43 - 5 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان هۆشداری بە سعوودیە دا کە لەبەرانبەر ئێراندا دەدۆڕێت.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، حەسەن نەسروڵڵا بەرپرسانی عەرەبستانی سعوودییەی ئاگادار کردەوە کە؛ ئەو وڵاتە لە هەر شەڕێک بیهەوێت لەگەڵ ئێراندا بیکات دەدۆڕێت و هۆشداری بە ڕیاز دا.

حەسەن نەسروڵڵای سەرکردەی حیزبوڵڵا کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی لێ دەکرێت هەروەها گوتی؛ سعوودیە دەیهەوێت ئامریکا وا لێبکات بکەوێتە ناکۆکی دژی ئێران و هێرش بکاتە سەر ئێران.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە؛ ئێران تادێت لەهەموو ڕوویەکەوە بەهێزتر دەبێت و هەموو جیهانیش شایەتی ئەوە دەدەن، منیش ئامۆژگاری سعوودیە دەکەم ناکۆکی و جەنگ بخاتە لاوە. تاکە چارەسەر بۆ ئێوە لەبەر خاتری هەموو موسوڵمانان و وڵاتانی ناوچەکە و گەلانی ناوچەکە ئەوەیە؛ گفتوگۆ و دانووستاندن بکەن لەگەڵ ئێراندا و ئێران هەمیشە بۆ ئەوە ئامادە بووە.

سەرکردەی حیزبوڵڵا باسی لەوە کردەوە کە؛ ئەم ڕێگەیەی گرتووتانەتە بەر هیچ ئەنجامێکی نابێت بێجگە لەوەی شکست دەخۆن.

ململانێی نێوان سعوودیە و ئێران ناکۆکییەکان لە ناوچەکە قووڵتر دەکاتەوە.

له شەڕی سووریەشدا حیزبوڵڵا شان بە شانی ئێران و بە چەکوچۆڵی ئێرانی، ڕۆڵێکی سەرەکیی لەو شەڕ و خوێنڕشتنەدا هەبووە و پشتیوانیی له ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەکات.

هاوینی ساڵی ڕابردوو وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە نوێترین لیستی خۆیدا کە دژی تێرۆریزم لە جیهاندا بڵاوی کردووە، ناوی بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوە و فەرماندەی لقی نیزامیی حیزبوڵڵای لوبنانی تێدا هێنا کە ئەو دوو کەسە هەردووکیان پێوندەیی نزیکیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەیە و یەکێک لەوانەش لە ئێران لەدایک بووە.

هەروەها بان کی مۆن، سکرتێری گشتیی پێشووی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان زستانی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا کە بۆ شۆرای ئەمنییەتی ناردبوو، نیگەرانیی خۆی لە پێشێل کردنی گەمارۆی چەکوچۆڵ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و هەروەها دابین کردنی کەرەستەی شەڕ بۆ حیزبوڵڵای لوبنان دەربڕی.

حیزبوڵڵای لوبنان کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، لە لایەن ئامریکاوە بە گرووپێکی تێرۆریستی ناسراووە.