کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خولێکی نوێ لە تەحریمەکان بەدژی کۆماری ئیسلامی پەسند کرا

16:58 - 6 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: کۆمیتەی پێوەندییە دەرەکییەکانی سێنای ئامریکا گەڵالەیەکی نوێیان بۆ جیبەجێ کردنی کۆمەڵێک گەمارۆی نوێ لەدژی کۆماری ئیسلامی پەسند کرد.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان، ١٨ ئەندامی کۆمیتەی پێوەندییە دەرەکییەکانی سێنای ئامریکا ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی مانگی مەی ئەم گەڵاڵەیان پەسند کرد کە بۆ ئەوەی ببێتە یاسا پێویستە سەرەتا لە مەجلیسی سێنا و دواتر لە مەجلیسی نوێنەران و پاشانیش لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە پەسند بکرێت.

ئەم گەڵاڵە نوێیە تەکووز لەسەر ٣ بەشی سەرەکی دەکات کە بریتین لە: تەحریمەکانی مووشەکی بالێستیک، تەحریمەکانی دژ بە تێرۆریزم و تەحریمە لۆژێستیکییەکان.

لە بەشی یەکەمدا تەحریمەکان دژ بە کەسایەتییە حەقیقی و حقوقییەکانی پێوەندیدار بە بەرنامەی مووشەکی بالێستیکی ڕێژیمەوە دەبێت؛ لە بەشی دووهەمدا کە تەحریمەکانی دژ بە تێرۆریزمە، بریتییە لەو تەحریمانەی کە سپای پاسداران دەگرێتەوە و جگە لە فەرماندەکانی ئەم دەزگا تێرۆریستییە، هەموو ئەو کەسانەش لەخۆ دەگرێت کە لە دەرەوەی وڵاتەوە پێوەندییان بە سپای پاسدارانەوە هەیە؛ لە بەشی سێهەمدا واتە تەحریمە لۆژێستیکییەکان سەرکۆماری ئامریکا ئەرکدار دەکرێت بەوەیکە دارایی تاک یان دامەزراوە سەربازییەکانی ڕێژیم یان لە دەرەوەی ئێران کە هاوکاریی سەربازیی ئێران دەکەن دەستی بەسەردا بگیرێت.

بەم پێیە ئەگەر ئەم گەڵاڵەیە ببێتە یاسا و جێبەجێ بکرێت، کۆماری ئیسلامی لە کڕین و فرۆشتنی پێداویستییەکانی تانک، زرێپۆش، چەکوچۆڵی خاوەن کالیبری بەرز، فڕۆکە شەڕکەرەکان، هێلیکۆپتێری شەڕکەر، کەشتی و بەلەمی شەڕکەر و مووشەک و سامانەی مووشەکی بێبەری دەبێت و بەکردەوە دەبێتە خاوەنی کۆمەڵێک چەکوچۆڵی ڕزیوی ناکارامە.

داکۆکیکارانی ئەم گەڵاڵەیە لە سێنای ئامریکا سەبارەت بە هۆکاری داڕشتنی ئەم گەڵاڵەیە دەڵێن: کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای پیشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ، پشتیوانی لە میلیشیا توندڕەوەکانی ناوچە دەکات و لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە پڕچەکیان دەکات، و بەم شێوەیەش سەقامگیریی ناوچە دەخاتە مەترسییەوە.

هەر لەمبارەوە باب کروکێر سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندییە بیانییەکانی سێنای ئامریکا دەڵی؛ پەسندکردنی ئەم گەڵاڵە و بەیاسایی کردنی دەبێتە هۆی ئەوەیکە پێش بە تەڕاتێنەکانی ڕێژیمی تاران لە ناوچەدا بگیرێت، کە لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە ئەنجام دەدرێن.