کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەڕانسە هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران دا

17:11 - 6 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: دوای ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران سێهەمین بنکەی مووشەکیی خۆی ئاشکرا کرد، دەوڵەتی فەرانسەش هەڵوێستی دژی ئەو ڕێژیمە دەربڕی.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان، ڕۆمان ناداڵ وتەبێژی وەزیری دەرەوەی فەڕانسە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، سەبارەت بە دروستکردنی سێهەمین کارخانەی مووشەکی بالستیک لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

ناداڵ لەپێوەندی لەگەڵ کارخانەی دروستکردنی مووشەکی بالستیک، داوای لەو ڕێژیمە کردووە کە پابەند بە بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت.

بڕیارنامەی ٢٢٣١ کە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی ٥+١ دا واژوو کراوە، باس لەوە دەکات کە؛ لە ڕۆژی واژۆ کردنی بڕیارنامەکەوە تا ٨ ساڵ دواتری، کۆماری ئیسلامی مافی ئەوەی نییە کە هەر چەشنە چالاکییەک لە پەیوەندی لەگەڵ مووشەکی بالستیک ئەنجام بدات کە توانایی هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەبێت.

ناوبراو هەروەها داوای کردووە لە دروستکردنی نائارامی لە ناوچەکەدا خۆ بپارێزن و گوتوویە؛ ئەو کردەوەیەی ڕێژیمی ئێران دژی بڕیارنامەی ئەو ڕێکخراوەیەیە.

ڕۆژی پێنج‌شەممە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە هەواڵێکدا لە زاری ئەمیرعەلی حاجی‌زادە فەرماندەی هێزی هەوافەزای سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە بڵاویان کردەوە، ڕێژیمی ئێران سێهەمین کارخانەی ژێرزەمینیی بەرهەمی مووشەکیی دامەزراند.

ئەو فەرماندە نیزامییەی ڕێژیم لە شاری دزفول ئەم لێدوانەی دا و ناوبراو پێداگری لە سەر درێژەپێدان بە پیشەی مووشەکی لەو وڵاتەدا کردەوە.

دامەزراندن و ئاشکراکردنی سێهەمین کارخانەی بەرهەمی مووشەکی بالستیک لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا پێش‌نووسی پەسندکردنی گەمارۆی ئابووریی نوێی لە دژی بەرنامەی مووشەکیی بالستیک، سپای پاسداران و ئەو کەس و لایەنانەی کە کڕین و فرۆشتنی چەک‌وچۆڵ لە چوارچێوەی یاساکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێشێل دەکەنی تاوتوێ و پەسندکرد.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ فشار و کۆنتڕۆڵی ڕێژیمی ئێران گەمارۆی ئابووری دژی ئەو ڕێژیمە پەسند دەکات و هەروەها پێداچوونەوە بە بڕیاری فرۆشتنی فڕۆکەی بووئینگ و ئەیر باس بەو ڕێژیمە دەکات.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا تا ئێستا کۆمەڵێک گەمارۆی ئابووری بۆ بەرەنگاربوونە دژی بەرنامەی مووشەکیی بالێستیکی ئێران و چالاکییە تێکدەرانەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەدا پەسند کردووە.