کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی: بەرپرسانی عەرەبستان گێلۆکەن

17:05 - 8 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە لێدوانێکدا بەرپرسانی عەرەبستانی سعوودیی بە گێلۆکە و ئەو وڵاتەی بە مانگای شیرده‌ر لە قەڵەم دا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕیژیم، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٦ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە وتارێکدا بە توندی هێرشی کردە سەر عەرەبستانی سعوودی و بەرپرسانی عەرەبستانی سعوودیی بە گێلۆکە و ئەو وڵاتەی بە مانگای شیرده‌ر لە قەڵەم دا.

خامنەیی هەروەها گوتوویەتی؛ ڕۆژئاوا ناتوانێت ڕێبەرانی سعوودی لە کەوتن ڕزگار بکات.

ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەو قسانەی بە بۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزان، ڕوو لە کۆمەڵگای قورئانی وڵات‌دا کردووە و لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتوویەتی کە؛ چارەنووسی وڵاتانی ئیسلامی کەوتووەتە دەستی کەسانی نالایەق.

ئەو قسانەی خامنەیی دوای سەفەری یەک حەوتوویی دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە.

ترامپ لەو سەردانەدا چەندین ڕێککەوتنی بە بڕی زیاتر لە ٣٨٠ میلیارد دۆلار واژۆ کرد کە تەنیا ڕێژەی کڕینی چەک‌وچۆڵی عەرەبستان لە ئامریکا ١١٠ میلیارد دۆلار بووە.

ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە سەردانی فەرمیی خۆیدا بۆ ڕیازی پێتەختی عەرەبستانی سعوودی، باسی لە هەڕەشەکانی ڕێژیم بۆ سەر ناوچەکە کرد.

دۆناڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣١ی بانەمەڕ، لە ئاخاوتنێکدا ڕوو لە ڕێبەرانی وڵاتانی موسوڵمانی بانگهێست کراو بۆ دانیشتنی ڕیاز، کە ڕێژەیان ٥٥ وڵات بووە، باسی لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوچە و جیهان و دنەدانی تێرۆریستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کرد و داوای لێکردن کە کۆماری ئیسلامی تەریک بخەنەوە.

سەرکۆماری ئامریکا پاش چاوپێکەوتنی لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهو، لە پڕێس کۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی داعش هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگرتوویی ڕۆژهەڵاتی ناڤین.

بە بڕوای بەشی زۆری کارناسان، ئەم سەفەرەی ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ئاشتی لە نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین و هەروەها واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سەربازیی نێوان واشنگتۆن – ڕیاز، و هۆشدارییە ڕوون و ئاشکراکانی ترامپ و کابینەکەی ڕوو لە سەرانی کۆماری ئیسلامی، نیشاندەری هەوڵێکی جیددییە بۆ کورت کردنەوەی دەستی ڕێژیمی تاران و پێشگرتن لە تەڕاتێنەکانی تاران لە ناوچەدا.