کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفایی فەراهانی: سیستمی بانکی ئێران دواکەوتووە

16:42 - 14 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی هەیئەتی ئیجرایی بەرەی بەشداری (جبهە مشارکت) سیستمی بانکی ئێرانی بە ناکارامە و دواکەوتوو و نوقوستان ناوزەد کرد.

مۆحسێن سەفایی فەراهانی، سەرۆکی هەیئەتی ئیجرایی بەرەی بەشداری کە پێشتر جیگری وەزیری سەنعەتەکان بووە ڕایگەیاندووە: کاراکردنی سیستمی بانکی و کەم کردنەوەی ڕیسکی سەرمایەدانان ٢ پێشمەرجی گرینگ بۆ گەشەکردنی ئابووریی ئێرانن کە هەنووکە لە ئێراندا بە نووقوستانی و لەوپەڕی دواکەوتووییدا دەبیندرێت.

ناوبراو لەم وتووێژەیدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنا بە ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەردان ڕەخنە لە پرسی ئامانجدارکردنی یارانەکان دەکات و دەڵێ ئەم پڕۆژە لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆیدا هەنگاو نانێت و بەردەوامی ئەم پرسەش تەنیا دەبێتە هۆی بەردەوامی کێشە و ئاریشە ئابوورییەکان.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: سیستمی بانکی وڵاتی ئێران سیستمێکی نووقوستان و دواکەوتووە؛ ئاستی ئەم دواکەوتووییەش بەبەراورد لەگەڵ وڵاتانی ناوچە بەتایبەت وڵاتانی کەنداو چەند قات زیاترە.

سەفایی فەراهانی هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٩٠%ی بەڕێوەبەرانی شارەزای خوێندەواری ئاشنا لەگەڵ بانکداری مۆدێڕن بەبیانووی نابەجێ لەسەر کارەکانییان دەرکران و بەپێچەوانەوە کەسانێکی ناشارەزای نەخوێندەوار خراونەتە جێگەیان.

فەراهانی لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژە بە بەرجام دەکات و دەڵێ: پاش جێبەجێ کردنی بەرجامیش بانکەکانی ئێران نەیانتوانی پێوەندییەکی ئەوتۆ تەانەت لەگەڵ بانکە ڕەدە نێونجییەکانیش ببەستن کە هۆکارەکەی بریتی بوو لە نەبوونی سیستمی نوێی بەڕێوەبەری لە تۆڕی بانکداری ئێران.

پاشانیش ئاماژە بە پرسی ڕیسکی سەرمایەدانان لە ئێراندا دەکات و دەڵی: بەپێی پێوەرە نێونەتەوەییەکان زەریبی ڕیسکی سەرمایەدانان لە ئێران زەریبی ٧ە کە بە خراپترین زەریب لە ئاستی جیهاندا دەژمێردرێ و بەم پییەش هیچ بنیاتێکی ماڵی جیهانی ئامادە نییە سەرمایەکانی خۆی لە وەها وڵاتێکدا بخاتە واری جێبەجێ کردنەوە.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا فەراهانی ئاماژە بە زاڵ بوونی ناوەندە ئەمنیەتییەکان بەسەر ئابووریی ئێران دەکات و دەڵێ: بەشی هەرەزۆری ئابووریی ئێران لە ژێر رکیڤی سپای پاسداران و ناوەندەکانی ژێر دەسەڵاتی وەلی فەقیهە کە هیچ کاریگەرییەکی پۆزەتیڤی لەسەر ئابووریی نییە؛ چوونکە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕان لە ئابووریی و خەبات لەدژی گەندەڵی بەربڵاو لەگەڵ شکست ڕووبەڕوو دەبیت چوونکە ناوەندە ئەمنیەتییەکان ئیزنی پێ نادەن و ئەگەر ڕێفۆرم لەم بیاڤەدا بکرێت ئەوا بۆخۆیان نان بڕاو دەبن.