کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەی هیزی پێشمەرگە زیاتر پەرە پێ دەدات

16:51 - 16 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: بەپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری ورمێ بە ئیجبار و پێچەوانەی ویستی خەڵک لە هەوڵی دامەزراندنی بنکه و ناوەندی نیزامین.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ژمارەی زۆر لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە شارەکی ئەلواجی ورمێ سەردانی ئەو شوێنەیان کردووە و ڕایانگەیاندووە کە پایگای نیزامی لەو شوێنە دادەنێن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەگەڵ پێشنوێژی هەینی ئەو شوێنە قسەیان کردووە کە دەبێ ئیزن بدەن ئێمە لەو جێگایە پایگا و حوسێنیە دابمەزرێنین.

لەو پێوەندییەدا، پێشنوێژی هەینی دژایەتی خۆی لەگەڵ ئەو داواکارییەی مەئموورانی ئیتلاعات دەربڕیوە، بەڵام هێزەکانی ئەو ئیدارەیەی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە پێتان خۆش بێت یا نا، ئێمە کاری خۆمان ئەنجام دەدەین.

هەرەوەها ئەو مەئموورانەی ئیتلاعات بە پێشنوێژی ئەو ناوچەیان ڕاگەیاندووە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هێزەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران چالاکی دەکەن و ئێوەش دەبێ لاوەکان ئاگادار بکەنەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا لە هەواڵێکدا کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ ئەشکەوتەکانی ناوچە شاخاوی و سنوورییەکان لە کوردستان بتەقێنێتەوە و خراپیان بکات بو ئەوەی هێزی پێشمەرگە نەتوانێت خۆی تێدا حەشار بدات و وەک شوێنی حەسانەوە کەڵکی لێوەر بگرێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرته ڕێژیم لە ناوچە شاخاوییەکانی قەڵاتی شا دەستی بەو کارە کردووە.

لە دوای دەستپێکی خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چالاکیی پێشمەرگە لە نێوخۆی کوردستان، ڕێژیمی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزی پێشمەرگه و لە ترسی کاریگەرییەکانی حوزووری پێشمەرگە لە نێوخۆی کوردستان ڕێوشوێنی توندی گرتۆتە بەر.