کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات بەگژ باڵوێزی ڕێژیمی ئێراندا چوو

17:44 - 19 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: کاوە ئاهەنگەری نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بلژیک بەشداری له کۆنفڕانسێک لەژێر ناوی پێوەندییەکانی ئێران و یەکیەتیی ئورووپادا کرد و تێیدا ڕەخنەی تووندی لە باڵوێزی ڕێژیمی ئێران گرت.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی کاوە ئاهەنگەری نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بلژیک لە کۆنفڕانسێکدا لەژێر ناوی پێوەندییەکانی ئێران و یەکیەتیی ئورووپا بەشداریی کرد کە لە ناوەندی لێکۆڵێنەوی CEPS لە شاری برۆکسێل بەڕێوەچوو.

ئەو پانێلە لە ئەستۆی ستیوێن بلوکزمەن بەرپرسی بەشی سیاسەتەکانی دەرەوی یەکیەتیی ئورووپا لە ناوەندی CEPS بوو و وتاربێژانی ئەو دانیشتنە بریتی بوون لە خاتوون تاریا کرونبێرگن لە ئەندامانی پلەبەرزی SIPR و نووسەری کتێبی دانوستانە ناوکییەکانی چەند لایەنە لەگەڵ ئێران کە باس لە ڕەوتی وتووێژەکان لەگەڵ ئێران و ئورووپا دەکات.

هەروەها پییێر ویمۆنت لە ئەندامانی پلەبەرزی دەفتەری ئورووپایی دامەزراوەی کارێنگی و یەکێک لە بەرپرسانی پێشووی پێوەندییەکانی دەرەوی یەکیەتیی ئورووپا و پەیمان سەعادەت باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە یەکیەتیی ئورووپا، بلژیک و لۆگزامبۆرگ.

لەو کۆبوونەوە کە بڕیار وابوو بە قازانجی ڕێژیمی ئێران بە لابیگەریی پۆزیتیڤی سیاسی و ئابووری کۆتایی پێ بێت، لەلایەن کاوە ئاهەنگەریی نوێنەری حیزبی دێموکرات بە پرسیاری چالشی ڕوو لە باڵوێزی ڕێژیم ئاراستەی کۆبوونەوەکە گۆڕدرا.

ئاهەنگەریی لە پرسیارەکانی خۆیدا باسی لە دۆخی سەرکوت وکەش‌وهەوای ئەمنییەتی لە ئێران و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بە تایبەت نەتەوەکانی ئێران کرد.

نوێنەری حیزبی دێموکرات داوای لە خاتوون کرونبێرگن کرد تا لە ڕێگای فشاری سیاسیەوە لانیکەم ڕێژیم سەرکوتی خەڵکی کەم کاتەوە؛ هەروەها ئاهەنگەری ئاماژەی بە توئیتی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران کرد کە ناوبراو لەو توئیتەدا باسی لە مافی هەڵگرتنی چەک بۆ بەرگری لە خۆی کردبوو؛ بەمشێوەیە باڵوێزی ڕێژیمی خستە چالشەوە.

خاتوون کرونبێرگن لە وڵامی پرسیاری نوێنەری حیزبی دێموکراتدا باسی لەوە کرد لە ڕەوتی دانوستانە ناوکییەکاندا زیاتر بۆ ئەوەیکە ڕێژیم دەستی بە چەکی ناوکی نەگات گفتوگۆمان دەکرد بەڵام ئەمڕۆکە گفتوگۆکان زیاتر لە سەر پرسی مافی مرۆڤه.

باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە وڵامی نوێنەری حیزبی دێموکرات باسەکەی بەلاڕێدا کێشاوە و هەرچەشنە مافخوازی و شەڕی چەکداری تەناتەت لە چوارچێوەی بەرگری لە خۆی کردەوەیەکی تێرۆریستی وەسف کرد و ئەوەش لە حاڵێكدایە کە خەباتی خەڵکی باسک، جیایی خوازانی کاتالۆنیا و ئیرلەندی باکوور وەک کارنامەی دێموکراسیخوازانی ئورووپایە.