کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات بەشداری لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی P.D.K.S دا کرد

16:56 - 29 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە وڵاتی ئاڵمان بەشداری لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی P.D.K.S دا کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ئاڵمان بە سەرپەرەستی حیسام ئەحمەدی بەشداری لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتیا پێشوەڕۆیا کورد لە سووریە کرد.

شاندی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی یادی ٦٠ ساڵەی دامەزرانی ئەو پارتەوە پەیامێکی پیرۆزبایی پێشکەش کرد.

لەو پەیامەی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هاتبوو: ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێداگرین لە سەر ئەوەی کە کوردستان نیشتمانی هەموو کوردێکە و بۆ رزگاری پێویستە هەموو هێز و لایەنەکان لە خەبات و تێکۆشان ڕۆڵی نەتەوەیی خۆیان لەو بەشەی لێی دامەزراون بگێڕن. لە هەمان کاتدا پەراوێز خستنی هێزە سیاسییەکانی کورد لە لایەن هەر هێزێکەوە بە باش نازانین و لەسەر ئەو باوەڕەین کە سیاسەتی پەراوێز خستن لە هێز و شوێندانەری خەباتی کورد کەم دەکات، پیگەی ئازادی و دێموکراسی لە کوردستان بەرتەسک دەکا و ئەوەش لە بەرژەوەندی بزاڤی ڕزگاری خوازی کورد نابێ.

لە کۆتابەشی پەیامەکەدا وێڕای هیوای سەرکەوتن بۆ بزاڤی گەلی کورد و یەکیەتی و تەبایی بۆ نەتەوەکەمان، لە سەر پشتگیری و پشتیوانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خەبات و تێکۆشانی ڕەوای هەموو بەشەکانی کوردستان پێداگری کرابۆوە.