کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ وەئەستۆگرتنی کردەوەی تێرۆر شەڕ دەکات

16:57 - 29 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران، داعش و حەماس بۆ وەئەستۆگرتنی کردەوەیەکی تێرۆریستی لە ئیسرائیل شەڕ دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان دوای کردەوەی تێرۆریستی لە وڵاتی ئیسرائیل، ڕێژیمی ئێران و گرووپی حەماس پێداگری دەکەن کە ئەو کردەوەیە استشهادی بووە و بە انتفاضه و مقاومت گرێی دەدەنەوە.

دوای هەڵویستی ڕێژیمی ئێران و حەماس بۆ بە ناوخۆکردنی ئەو کردەوە تێرۆریستییە، داعشیش هاتە گۆڕەپانەکەوە و ئەم کردەوەیەی وەئەستۆ گرت و ناوی تێرۆریستەکانیشی ڕاگەیاند.

شەڕی نێوان ئەو دوو گرووپە تێرۆریستییە و ڕێژیمی ئێران دوای ئەوە ڕووی داوە کە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی دوو کردەوەی تێرۆریستی لە ئیسرائیل ڕووی دا.

دوای ئەو ڕووداوە هەواڵدەریی فارس سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران ڕایگەیاند کە چەندین نیزامی کوژراون و بریندار بوون و ئەو کردەوەیەی بە استشهادی وەسف کرد.

لەو کردەوە تێرۆریستیەدا یەک کەس کوژرا و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون کە دواتر هێرشبەرانیش کوژران و هەواڵدەریی فارس بە شەهید ناوی لێ بردن.

پشتیوانیییەکانی ئەو ڕێژیمە لە بکەرانی تێرۆر لە ناوچەکە و هەموو وڵاتانی جیهان و دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی عەرەبی بۆ تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایشی ناوچە بەردەوام ناڕەزایەتی و نیگەرانی بەرپرسانی دەوڵەتە ناوچەییەکانی لێکەوتووەتەوە.

نموونەی هەرە بەرچاوی تیرۆریزمی دەوڵەتی رێژیمی ئێران لە وڵاتی سووریە لە ژێر دەسەڵاتی رێژیمی بەعسی بەشار ئەسەد خۆ دەردەخات؛ ماوەی ٧ ساڵە شەڕ و پێکدادانە نیزامییەکان لەو وڵاتە درێژەیان هەیە و بەهۆی پشتیوانییەکانی تاران لە ڕێژیمی سووریە بە هەزاران کەس کوژراون و میلیۆنان کەسیش ئاوارە بوون.

پشتیوانی ماڵی و نیزامی رێژیمی ئێران لە گرووپە تیرۆریستیەکان تێچوویەکی زۆر هەڵدەگرێت ئەوەش لە کاتێک دایە کە خەڵکی ئێران لە دژوارترین دۆخی ژیاندا بەسەر دەبەن.