کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بومەلەرزەی سەربەخۆیی کوردستان کۆشکی خامنەیی وەلەرزە خستووە

16:09 - 31 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانی به دەنگ هێنا و ناوبراو بەفەرمی دژایەتی خۆی لەگەڵ ئەو پرسە نیشتمانیەی کوردستان دەربڕی.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوای سەردانی حیدر العبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران و دیدار لەگەڵ خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، عەلی خامنەیی دژایەتی خۆی لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی کوردستان بە فەرمی دەربڕی.

خامنەیی لە دانیشتن لەگەڵ عبادی باسی لەوە کرد کە متمانە بە ئامریکا مەکەن و هەروەها ئامریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە دژی سەربەخۆیی، شوناس و یەکپارچەیی عێراقە.

هەروەها ئەم قسانەی خامنەیی پاش ئەوە دێت کە حەیدەر عبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوە کردبوو سەربەخۆیی مافی بێ ئەملاوئەملای هەر نەتەوەیەک و یەک لەوانە کوردە و ئێمە دژی سەربەخۆیی نین.

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بە فەرمی باسی لەوە کردووە کە لەگەڵ جیابوونەوەی کوردستان نییه و دژایەتی خۆی لەگەڵ ئەو پرسە دەربڕیوە.

ئەو قسانەی خامنەیی لە کاتێک دایە کە فوئاد مەعسووم سەرکۆماری عێراق ڕۆژی سێشەممە لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی تەلفزیۆنیی ڕووداو هەر جۆرە فشاری ڕێژیمی ئێران بۆ بڕیاردان بە جێگای عێراقی ڕەت کردەوە.

پرسی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور و دیاریکردنی ڕۆژی ڕێفراندۆم بۆ پرسی سەربەخۆیی لە یەکەم مانگی وەرزی پاییزی ئەمساڵدا لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دژکردەوەی چەند وڵاتی دراوسێی لێکەوتەوە کە لە نێویاندا دژایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەمووان زەقترن.

لە ڕاپرسییەکەدا، کە پەیمانگای دێموکراسیی نیشتمانیی ئەمریکی ئەنجامی داوە، پرسیاری ئەوە لە بەشداربووان کراوە، ”پێویستە کوردستان بەشێوەی ئێستای بمێنیتەوە یاخود ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟.

بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە، %٩٦ی بەشداربووان دەیانەوێ باشووری کوردستان لە عێراق جیاببێتەوە و ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ.

هەواڵدەرییەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردەوە کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی باشوور لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرەستیی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەر پرسی سەربەخۆیی گفتۆگۆیان کرد.