کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم چاودێریی ئەمنییەتی لە کوردستان چڕتر کردوەتەوە

17:40 - 1 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی ئەمنییەتی و زیاتر لە جاران فەزای خەفەقان و پۆلیسییان بەسەر شارەکانی کوردستاندا زاڵ کردووە.

بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیم لە سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات، وێڕای هێنانی هێزی نوێ لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە بۆ کوردستان چەک و چۆڵیان ڕەوانەی شارەکانی کوردستان کردووە.

بەپێی ئەم هەواڵە پایەگا سەربازییەکان لە گوندەکانی سەر سنووری کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات نۆژەن کراونەتەوە و ڕێژیم بە فڕۆکە چاودێری بە سەر ناوچەکەدا دەکات.

هەروەها ڕێژیم لە بەخشنامەیەکدا فەرمانی بە هێزە نیزامییەکانی خۆی داوە کە بە جلیقەی دژی گوللە بڕۆنە دەرەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە بەپێی ئەم هەواڵە، وەزارەتی ئیتلاعات و ئۆرگانە سەرکوتکەرەکان، ناوە بە ناوە چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی و ژینگەیی کورد بانگهێشت دەکەن و وێڕای هەڕەشە کردن لێیان داوای هاوکارییان لێدەکەن.

لەمبارەوە ئاشکرا بووە کە بەشێک لەم داواکارییە بریتی بووە لە گەیاندنی زانیاری لەسەر جموجۆڵی پێشمەرگەکانی کوردستان و هەروەها پێشمەرگەکانی نێوخۆی کوردستان کە لە ئاستی شارەکاندا چالاکی دەکەن.

ئەم هەوڵانەی ڕێژیم نیشاندەری ئەوپەڕی ترسی ڕێژیمە بەرانبەر بە شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵات و چالاکیی هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات.