کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەولێر/ بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی ڕزگاریی دێموکراتی کوردستان کۆبوونەوە

18:23 - 8 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی بزووتنەوەی ڕزگاریی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری هەولێر دیدار و گفتوگۆیان کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، هەیئەتێکی بزووتنەوەی ڕزگاریی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستیی کاک عەبدوڵڵا نازەنینی سکرتێری گشتیی بزووتنەوە سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە هەولێر کرد و لە لایەن هەیئەتێكی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی محەممەدساڵح قادری بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری هەولێرەوە پێشوازیان لێکرا.

لەو دیدارەدا، قادری وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان، باسی لە قۆناغی نوێی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە ڕاسان کرد و پشتیوانی حیزبی دێموکراتی بۆ بەڕێوەچوونی پرسی ڕێفراندۆم دەربڕی.

لەو سەردان و چاوپێکەوتنەدا، هەیئەتی میوان سپاسی پێشوازی حیزبی دێموکراتیان کرد.

دواتر عەبدوڵڵا نازەنینی سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی ڕزگاری دێموکراتی کوردستان باسێکی لە سەر بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و دەرفەت و ڕێگرەکانی بەردەم ئەم دەرفەتەی بۆ هەیئەتی حیزبی دێموکرات شی کردەوە.

دواتر هەیئەتی هەر دوو لایەن، باسێکیان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕ و ڕووداوەکانی ناوچە و دەرفەتەکانی بەرەم کورد بۆ پرسە نەتەوەییەکانیان کرد و لەم پێوەندییەدا ئاوڕیان لە ڕۆڵی نێگەتیڤی ئێران سەبارەت بە گەیشتنی کورد بە ئامانجەکانی و دەستێوەردانی لە کاروباری ناوچەکەیان‌دا کرد.