کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دیداریان کرد

23:20 - 8 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.

ڕۆژی ٥شەممە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕ١٣٩٦ی هەتاوی، هەیئەتێکی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی بابەشێخ حوسێنی سکرتێری گشتیی سازمانی خەبات سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردسیانی ئێرانی کرد و لە لایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی مستەفا هیجری پێشوازییان لێکرا.

لە دانیشتنێکی فەرمیدا لە سەر ڕەوشی ئێران و ئەو قەیرانانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵی بەرەڕوو بووەتەوە بە تایبەت لە سەر سیاسیەتی دەستتێوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتان و یارمەتی‌کردنی تێرۆریزم قسە کرا.

لە بەشێکی دیکەدا بابە شێخ حوسێنی لە سەر ئاکامی باس و بابەتەکاتی کۆنگرە و ئەو بڕیار و ڕاسپاردە و گۆڕانکارییانە لە پێڕەو و پڕۆگرامی سازمانی خەباتدا کراوە و جەخت کردنیان لە سەر پرسی نەتەوەیی و دێموکراسی کراوە، ئاماژەی بە هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک هەوڵێکی ئەرێنی بەرز نرخاند و لەو پێوەندییەدا هەوڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە ئەرێنی باس کرد.

پاشان مستەفا هیجری جارێکیتر پیرۆزبایی کۆنگرەکەیانی لێ کردن و هیوای خواست لە بە ئەنجامگەیاندنی ئەرکەکانی کۆنگرەیان سەرکەوتوو بن.

هیجری لە سەر سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێشیلکارییەکانی مافی مرۆڤ و سیاسەتی تێکدەرانەی لە دۆخی سیاسی ڕۆژهەڵات ی نێوەڕاست و بە تایبەت ئەو مەترسییانەی بە هۆی سیستمی موشەکییەوە بۆ وڵاتانی ناوچەی دروست کردووە و نیگەرانی بۆ کۆڕوکۆمەڵه نێودەوڵەتییەکان و ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پێکهێناوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا ئاماژەی بە ناکۆکی لە نێو باڵەکانی سیستمی کۆماری ئیسلامی و پەل‌وپۆ هاوێشتنی سپای پاسداران لە کاروباری وڵاتان کرد کە ڕێژیمی زیاتر تووشی قەیران کردووە و ڕێبەرانی ڕێژیمی زیاتر نیگەران کردووە. لە لایەکی دیکەوە ئەو گوشارە فەرمییەی ئێستا لە لایەن ئامریکا و هاوپەییمانە ناوچەییەکانی لە سەر ڕێژیم هەیە ئەوی زیاتر تووشی قەیران دەکا، بەم خوێندنەوەیە ئەو زەرووریەتە هەیە هەم وەک لایەنە سیاسییەکانی کورد و هەم لەگەڵ لایەنە سەرتاسەرییەکاندا گرینگی بە کاری هاوبەش بدەین و ببینە هێزێکی شوێندانەر و جارێکیتر لە سەر سیاسەتی حیزبی دێموکرات بۆ هاوکاری لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات پێداگری کردەوە.

پاشان بابەشێخ حوسێنی ئەو ڕوانینەی وەک خاڵی ئەساسی و چارەنووسساز هەڵسەنگاند و وتی؛ ئەزموونی زۆرمان هەیە، لە ڕابردوودا ئەوەی چاوەڕوانی خەڵکی کوردستانە لە ئێمە، ئەو گیانی هاوکارییە لە پێوەندییەکانماندا و وەک سازمانی خەبات بۆ ئەو کارانە بەردەوام دەبین.
لە کۆتاییدا هەر دوو لایەن لە سەر هاوکارییەکانیان جەختیان کردوە.