کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمیناری زیندوو ڕاگرتن و خاوەنداریەتی لە خەبات و تێکۆشانی شەهید دوکتور قاسملوو لە هەولێر بەڕێوە چوو

18:28 - 17 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: سێمینارێک بە بۆنەی ٢٨ـەمین ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە هەوڵیر پیتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕ، بە بۆنەی ٢٨ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملو ڕێبەری ناوداری گەلی کورد، سێمینارێک بە بەشداریی زۆربەی حیزبەکانی هەر چوار بەشی کوردستان، کەسایەتییە ئەکادیمیەکان،یەکیەتیی پارڵمانتارانی کوردستان، ئەندامانی حیزب و ڕاگەیەندنەکان لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.

ئەو سێمینارە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

سەرەتا محەممەد ساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندیەکانی حیزبی دێموکرات لە هەولێر، لە چەند وتەیەکدا بەخێرهێنانی حیزب و لایەنە سیاسیەکان و کەسایەتی و میوانانی بەشداری سێمینارەکەی کرد.

دواتر هەرکام لە حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات،پەرویز ڕەحیم قادر مامۆستای زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی سەلاحەدین و لەتیف ئەپۆزدەمیر جێگری سەرۆکی هاکپار، لە ڕەهەندە جیا جیاکاندا باسی کەسایەتی و ڕۆل و کاریگەریەکانی دوکتور قاسملوو لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد بە گشتی و ڕۆژهەلاتی کوردستان بە تایبەتی کرا و ئاماژە بە پیلانی تێرۆری ئەم ڕێبەرە بە پیلانی ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی و سات و سەودای دەوڵەتی ئۆتریش لەو پێوەندیەدا کرا.

لەو سێمینارەدا پاش کاتژمێر و نیوێک بە پرسیار و وەڵامی بەشداربووان کۆتایی پێهات.

حیزبە و لایەنەکانی بەشدار لەو سێمینارە بریتی بوون لە:

لە باشووری کوردستان:

پارتی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
بزووتنەوەی گۆڕان
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
حیزبی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان
حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
بزووتنەوەی دێموکراتی گەلی کوردستان
یەکیەتی پارڵمانتارانی کوردستان

لە باکووری کوردستان:

هادەپ
هاکپار
پارتی ئازادی کوردستان
پارتی سوسیالیستی کوردستان

لە ڕۆژئاوای کوردستان:

پارتی دێموکراتی کوردستان-سووریە
پارتی یەکیەتی کورد-سووریە
ئەنجومەنی نیشتمانی کورد سووریە
ئەنەکەسە
پارتی یەکیەتی دێموکراتی کوردی سووریە