کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە هەولێر، سەردانی لقی ١٠ ی پارتی دێموکرات لە شاری سۆران‌یان کرد

18:35 - 23 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە سەردان بۆ لقی ١٠ ی پارتی دێموکرات لە شاری سۆران‌ بارودۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات و قەیرانی نێوخۆیی و ناوچەیی ڕێژیمی ئێرانیان تاوتوێ کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە درێژەی سەردانی دەزگا حیزبی و حکوومەتییەکانی ناوچەی باڵەکایەتیدا هەیئەتێکی پێوەندیەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی محەممەد ساڵح قادری بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە هەولێر، بە هاوڕێیەتی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە شاری سۆران سەردانی لقی۱۰ ی پارتی دێموکراتی کوردستانیان لە سۆران کرد و لە لایەن عەلی عەونی بەرپرسی لق و ئەندام و کارگێرانی لقەوە پێشوازییان لێکرا.

لەو سەردانەدا محەممەدساڵح قادری وێرای پیرۆزبایی لە عەلی عەونی وەک بەرپرسی نوێی لقی ١٠ و هیوای سەرکەوتنی لەم بەرپرسایەتیە نوێیەدا، باسی لە بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەلاتی کوردستان و قەیرانە نێوخۆیی و ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەگەرەکانی قوولتر بوونی ئەم قەیرانانەی لە داهاتوودا کرد و سەبارەت بە سیاسەتی قڕکردنی گەلی کورد لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ئەم قۆناخەی خەباتی ڕۆژهەڵات و بەرگریی حیزبی دێموکرات لە خەڵکی کوردستان و بەرپەرچدانەوەی پیلانەکانی دژ بە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لە تەواوییەتی خۆیدا بە گرینگ زانی و پێداگری لە سەر هەلوێستی حیزبی دێموکرات بۆ پشتیوانی لە ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی باشووری کوردستان دەربڕی و وریای و تەبایی نێوان لایەنەکانی باشووری کوردستان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیەی بە زەرووری زانی.

هەروەها عەلی عەونی وێرای بە خێرهاتنی هەیئەتی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات و خۆشحاڵی دەربڕین لەو سەردانەیان، سپاسی حیزبی دێموکراتی کرد کە بە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی، بەردەوام پشتگیری دۆزی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان کردووە و هیچ کات نەبووە هۆی کێشە و دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆیی ئەواندا.

لە درێژەی باسەکەدا ناوبراو تیشکی خستە سەر بابەتی ڕێفرادۆم و ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەم پرۆسەیە.

لە کۆتاییدا دوو لایەن لە سەر بەردەوامی پێوەندی و هاوکاری نێوانیان جەختیان کردەوە.