کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا سەردانی کۆنگرەی ئەو وڵاتەی کرد

23:01 - 27 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا لەگەڵ دوو ئەندام کۆنگرەی ئامریکا سەر بە کۆماریخوازەکان و دێموکراتەکان کۆبووە.

ڕۆژی دوشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا سەردانی دەفتەری دوو ئەندام کۆنگرەی ئەو وڵاتەی کرد و باسی ڕاسانی هێنایە ئاراوە.

ئەو دوو ئەندام کۆنگرە بریتی بوون لە جیم سێنسێربرێنەر کۆماریخواز و دینا تیتوس‌ـی دێموکرات کە ئەندامی کۆمیتەی دەرەوەی پێوەندیەکانی کۆنگرەن.

لەو وتووێژانەدا نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا باسی لەوە کرد هەڵسوکەوتی ئێران چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە یەک سەرچاوەی هەیە و باسی لەوە کرد کە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران تەنیا لە ڕێگەی خودی خەڵکی ئێران و بە لەبەر چاوگرتنی جیاوازی نەتەوەیی لەو وڵاتە ئەو ئاکامەی دەبێت کە ڕۆژئاوا بە دووایەوەیە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات بە ئاماژەیەکی تێروتەسەل بە ڕاسان و قۆناغی نوێی خەباتی گەلەکەمان ووتی: ئەو حەرەکەتە لە کوردستان لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە دەستی پێ کردووەتەوە خۆشبەختانە نە تەنیا زۆربەی حیزب و لایەنە سەرەکییەکانی کوردستانی ئێران پشتگیریان لێ کردووە بەڵکوو بە کردەوەش شەڕیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەست پێ کردووە کە ئەمە پیشان دەدات کە تا چەند ڕاسان خواستی هەموو لایەنەکانی کوردستانی ئێرانە.

هەروەها ئارش ساڵح بە ئاماژە بە هەڵۆکانی زاگرۆس ووتی: دووای دەست پێکردنی ڕاسان ئەوا لە کوردستانی ئێرانیش هەندێک هێزی سەربەخۆ وەکوو هەڵۆکانی زاگرۆس بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە کە پێکهاتوون لە خەڵکی ئاسایی ناوچەکە کە بە ڕۆژدا خەریکی کاری خۆیانن و هەندێ جار بە شەودا بە شێوەی چریکی هێرش دەکەنە سەر سپای پاسداران.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەو بارەیەوە ڕوونی کردەو ئەگەرچی ئەو لایەنە سەربەخۆن و حیزبی دیموکرات هیچ پێوەندییەکی تەشکیلاتی بەو ڕێکخراوەیە نیە بەڵام ئەوان هەندێ خەڵکی ئاسایی و سڤیلی کوردن کە خۆیان لە چوارچێوەی ڕاسان دەبینن و پێیان وایە پێویستە لەو پێوەندیە دا ئەرکی خۆیان بە جێ بگەیێنن.

ئارش ساڵح لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە ئێرانێکی فیدڕاڵ بە شێوەیێکی سرووشتی یارمەتیدەری ئاشتی و دێموکراسی لە ناوچەکە دەبێت.

هەروەها نوێنەری حیزب بە ئاماژە بە ئەو کێشانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕووبەڕووی ئامریکا بوونەوەتە، جەختی کردەوە سیستەمێکی فێدڕاڵ لە درێژەی بەرژەوەندیەکانی ئێوە دەبێت و ئاسایشی وڵاتەکەی ئێوەش بەهەبوونی سیستەمێکی دیموکرات و فێدڕاڵ لە ئێراندا پارێزراوە.

هەروەها نوێنەری حیزب ووتی کە ئێوە لێرە لە گەڵ دوو شێواز وێناکردنی ئێران ئاشنان کە هیچکامیان ڕاستیەکانی ئێرانتان بۆ دەرناخەن. یەکێک لەو وێنانە لە لایەن کۆماری ئیسلامی بۆ ئێوە کێشراوە کە هەموومان دەزانین تا چەند درۆیە بەڵام وێنەیێکیتر کە ئێوەی ئامریکایی زیاتر پێویستە ووشیاری بن وێنەیەکە کە ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرا بۆتانی دەکێشێت و کێشەکانی نەتەوە جیاوازەکان دەشارێتەوە. نوێنەری حیزب لە درێژەدا ووتی، لە ڕاستیدا ئێران وڵاتێکی فرە نەوتەیە و هەرنەتەوەیێک خاوەن تایبەتمەندی و داخوازی تایبەت خۆیەتی. بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیە داهاتووی ئێران جیاوازیێکی لەگەڵ ئێستای نابێت و هەم لە پیوەندی لەگەڵ سیاستەی ناوخۆی و هەم لە پێوەندی لەگەڵ سیاستەی درەوە هەر هەمان رێچکە دەگرێتە بەر کە ئێستا هەیەتی.

هەردوو ئەندام کۆنگرە پشتیوانی خۆیان بۆ مافە بنەڕەتیەکانی نەتەوە جیاوازەکان لە ئێران ڕاگەیاند و باسیان لەسەر ئەوە کرد کە ئەوان هەردەم پشتیوانی مافەکانی کەمینەکان لە ئێران بوون.

لە کۆتاییدا ئارش ساڵح ووتی،ە هاوکاری دۆستانی ئێمە لە ڕۆژئاوا و پشتگیری ئەوان لە دۆزی دێموکراسی و مافی مرۆڤ کە گەلانی ئێران دەستیان پێ کردووە نەتەنیا دەتوانێت ئەو پرۆسەیە خێراتر بکاتەوە بەڵکوو دەتوانێت سیستەمی داهاتووی ئێران زیاتر لە ڕۆژئاوا نزیک بکاتەوە.

ئارش ساڵح هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە گەلی کورد لە بەر ئەوەی لە درێژایی مێژوو لە لایەن گەلانی ناوچەکە چەوساوەتەوە زیاتر لە هەر گەلێکیتر لەو ناوچەیە لە ڕۆژئاوا و بەهاکانی ڕۆژئاوا نزیکە.