کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆستی خەباتێک

01:48 - 16 گەلاوێژ 2717

کەریم پەرویزی

لە رۆژانی رابردوودا، رۆژنامەنووس و لێکۆڵەری بەناوبانگی مێژوو ، کریس کۆچێرا کۆچی دوایی کرد کە نەک تەنیا بنەماڵەکەی، بەڵکوو بەهۆیەوە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە کەسانی نەتەوەی دیکە جیا لە نەتەوەکەی خۆی بۆ مەرگی ئەو کەسایەتییە داخدار بوون.

ژیان و رەوڕەوەی تێپەڕاندنی تەمەن بۆ هەموو کەسێک لەم دونیایە بە هەر شێوازێک بێ دەچێتە پێش و بە میلیۆنان کەس لەدایک دەبن و بە میلۆنان کەسیش دەمرن. هەر تاکێکیش لە ژیانی خۆیدا بە ئاوات و خولیاکانی تایبەت بە خۆی دەژی و وەکوو تاکێک رەنگە جیاوازییەک لە نێوان ژیانی کەسەکاندا نەبینرێ و هەموو وەکوو یەک چاو لێ بکرێن، بەو مانایە کە بگوترێ ژیانی هەموو کەس لە خاڵێکەوە دەست پێ دەکات و هەندێک رووداوی بەرەوڕوو دەبێتەوە و هەندێک شت لە ژیانی دێنە پێش و دوایەش لە خاڵێکدا ژیانی بە کۆتایی دەگات.

بەڵام لەو نێوەدا هەندێک کەس هەن کە ژیانەکانیان تایبەتی دەبێتەوە و لە نێو ملیۆنان ژیاندا، ئەوان ناودار دەبن و خەڵک یادیان دەکاتەوە، ئەوان ئەو کەسانەن کە ژیانیان بە رەوتی ئاسایی تێ ناپەڕێنن و لە ژیاندا ریسک دەکەن یان بە داهێنانیان رەنگێکی تایبەتی بە ژیانی خۆیان و رەنگە بە ژیانی هەزارانی دیکەش ببەخشن.

لە نێو ئەوانەشدا هەن کەسانێک وەکوو کریس کۆچێرا کە سنووری ژیانیان، بەرتەسکی تێدەپەڕێنێ و سنووری نێوان نەتەوەکانیش دەبەزێنێ. لە کۆتاییدا نەتەوەیەکی دیکە بەداخەوە دەڵێ کە دۆستێکی نەتەوەکەمان کۆچی دوایی کرد. ژیانی کۆچێرای دۆستی کورد، ئەو ژیانە بوو کە دەنگی نەتەوەی کوردی بە گوێی جیهان گەیاند و لە لاپەڕەکانی مێژووشدا تۆماری کرد بۆیە کورد بۆ کۆتایی وەها ژیانێک خەمبارە.

لەلایەکی دیکەوە ژیان و دۆستایەتی کریس کۆچێرا رەهەندێکی گرنگی دیکەی هەیە کە ناکرێ ئاماژەی پێ نەکرێ؛ ئەویش ئەو رەهەندەیە کە کەسانێک لە نێو نەتەوەی کورددا هەوڵیان داوە کە کەسێکی وەکوو کۆچێرا بکەن بە دۆستی نەتەوەی کورد.

لە ئاست پێوەندیی نێوان نەتەوەکانی دونیادا رەنگە بە هەزاران نموونە بووبێ و دووبارەش پێش بێتەوە کە کەسێک ببێ بە دۆستی نەتەوەیەکی دیکە؛ هەروەها بە سەدان و هەزاران رۆژنامەنووس و راپورتنێری میدیایی سەردانی وڵاتانی دیکە بکەن و زانیاری کۆبکەنەوە و کاری رۆژنامەوانییان لەسەر بکەن؛ بەڵام ئەو کەسانەی کە دەبنە دۆستی نەتەوەیەکی دیکە، رەنگە بە هۆکاری شەخسی یان لە بەر بەرژەوەندییەکی تایبەتی کە بۆیان دابین دەکرێ ئەو پێوەندییانە چڕ بکەنەوە، کە لە بەرزترین ئاستی خۆیدا بۆ نموونە لە نێو کۆنگرەی ئامریکادا ئەندام کۆنگرە و سەنای وا هەبێ کە کاری لۆبی بۆ وڵات و نەتەوەیەکی دیکە بکا.

بەڵام ئەوەیکە کاری کەسێکی وەکوو دوکتۆر قاسملوو زۆر گرنگتر و جیاواز دەکاتەوە ئەوەیە کە رۆژنامەنووسێکی وەکوو کۆچێرا دەبینێ و وەها کاریگەری لەسەر دادەنێ کە ئەو کەسە دەکات بە دۆستی خەباتێک!

دۆستایەتیی خەباتێک بۆ کەسێکی رۆژئاوایی کە لە وڵاتی خۆی ژیان و دەرەتانی باشی هەیە، لەو بارەوە گرنگە کە بەرژەوەندییەکی ماددی و شەخسیی بۆ دابین ناکا، بەڵکوو رێبەرێکی بلیمەتی وەک دوکتۆر قاسملوو بە بەیان کردنی ئاوات و خولیا و خەباتی نەتەوەی کورد بۆ کۆچێرا، کەسێکی دیکە لە قاڕەیەکی دیکە و بەتوانای تایبەتەوە رادەکێشێ بۆ لای ئەو خەون و خولیایانە و لە راستیدا خەون و خولیای خەباتی کورد بە زمانێکی سەردەمیانە دەباتە نێو بیر و هزرێکی رۆژئاواییەوە.

گەورەیی کارەکەی دوکتۆر قاسملوو لەوەدایە کە کەسایەتییەکی رۆژئاوایی دەکا بە دۆستی خەباتی نەتەوەیەک کە لە نێوخۆیدا دوژمنی زۆرە!