کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی بەردەوامە لە ئازاردانی خەڵکی کوردستان

18:36 - 28 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: ڕێگری کردن لە سەیران و خۆشی خەلکی کوردستان و ئازاردانیان لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە چووەتە فازێکی نوێ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ کۆمەڵێک لە لاوانی شاری مەریوان ئێوارەی ۲٥ی گەلاوێژ لە مەریوانەوە بۆ کات بەسەربردن و سەیران کردن ڕوو لە سرووشتی دڵڕفێنی ئاوایی ساوسلێمانە و حەسەن قەرە نزیک لە ئاوایی جانەوەرە دەکەن.

دوای ماوەیێک هێزێکی چەکداری سپا لە ئاوایی جانەوەرە وەبەر پەلاماریان دەدەن و لێپرسینەوەیان لێدەکەن.

بەپێی ئەم هەواڵە پاسدارەکانی ریژیم لێیان پرسیون بۆچی ئەم ئێوارە هاتوونەتە ئێرە؟ ئەوانیش وتبوویان بۆ سەیران و گەشت هاتووین، سپاش پێیانی ڕاگەیاندووە کە مەگەر نازانن ئێستا ئێوارەی ۲٥ی گەلاوێژە و ڕۆژی دیمۆکراتە. دوای بێڕیزی کردنیش بەم لاوانە ئەوانیان ناچار کردووە کە شوێنەکە بەجێ بێڵن.

ئەمە یەکەمجار نییە کە پاسدار و چڵکاوخۆرەکانی رێژیم بەمشێوەیە دەبنە هۆی ئازاری خەڵکی ئاسایی و لە ڕاستیدا یەکێک لە کار و ئەرکەکانی سپا و دەزگا ئەمنیەکانی ریژیم تێکدانی ئاسایش و ئارامی و باری ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانە کە ساڵانێکە لە کوردستاندا دەبیندرێت.