کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرگی دووهەمی کتێبی \"رامانێک لە تراژێدیای براکان\" چاپ و بڵاو کرایەوە

16:56 - 29 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: بەرگی دووهەمی کتێبی مێژوویی رامانێک لە تراژێدیای براکان لە ئامادەکردنی مامۆستا شەریف هەژاری چاپ و بلاو کرایەوە.

ئەم کتێبە کە پێشکەش کراوە بە شەهیدانی جولانەوەی (ڕاسان)ی خۆرهەڵاتی كوردستان، بریتییە لە گێڕانەوەی چەندین بەسەرهاتی مێژوویی لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوە مێژووییەکانی کوردستان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی نیشتمان لە سەر زاری کۆمەڵێک کەسایەتی و کاراکتەر کە لەو سەردەمەدا لە شۆڕشەکانی ئەیلوول و جوڵانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار بوون.

ئامادەکاری ئەم پەرتووکە لە پێشەکی کتێبەکەیدا نووسیویەتی: نایابی و پڕزانیاری ئەم بەرهەمە لەوەدایە کە دەقاودەق چاوپێکەوتنە لەگەڵ چەندین سەرکردە و شاهیدحاڵی سەرەکی ناو ڕووداوەکانی شۆڕشی ئەیلوول و جووڵانەوەی ڕۆژهەڵات واتە ساڵنی نێوان ١٩٥٥ تاکوو ١٩٧٠ و بێ دەسکاری چاپ کراون.

بەرگی یەکەمی ئەم بەرهەمە لە ساڵی ٢٠١٠ لە شاری سلێمانی چاپ کراوە و بەرگی دووهەمیش لە ئەمساڵدا خراوەتە بەر دیدی خوێنەرانی.

نووسەر لە پێوەندی لەگەڵ بەرهەمەکەیدا بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای ڕاگەیاندووە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئامادەکردنی ئەم بەرهەمە بریتییە لە بەرپەرچدانەوەی هەوڵێکی مەترسیداری دوژمنانی گەلەکەمان لەباری بەلاڕێدابردن و چەواشەکردنی مێژووی گەلەکەمان و هەوڵدان بۆ خەوشدارکردنی ئەم دیرۆکە.