کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشار ئەسەد: هۆکاری سەرکەوتنەکانی ئەرتەشی سووریە، ئێران و ڕووسیە و حیزبوڵڵای لوبنانن

16:28 - 30 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: سەرکۆماری سووریە، لە وتووێژێکدا ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی ڕایگەیاندووە: وڵاتەکەی توانیویەتی پیلانی ڕۆژئاواییەکانی بۆ لەنێوبردنمان پووچەڵ بکاتەوە، بەڵام ئەرتەشی ئەم وڵاتە هەتا سەرکەوتنی کۆتایی مەودایەکی زۆری ماوە بیبڕێت.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ئاشکرای کرد، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی بەشار ئەسەد لە دانیشتنێکی تەلەفزیونیدا ڕایگەیاندووە، ئێران و ڕووسیە و حیزبوڵڵای لوبنان لە شەڕی نێوخۆیی سووریە ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە و پشتیوانییەکانیان لە بواری سیاسی، ئابووری و چەکداری هۆکاری سەرکەوتنی زیاتریان لە بەرەکانی شەڕدا بووە.

هەروەها ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: ئێران لە هەموو دانیشتنە نێونەتەوەییەکاندا لەگەڵ ئێمە بووە و لەم بارەوە وەفادار بە بەڵێنییەکانی بووە.

بەشار ئەسەد لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی ڕەخنەی لە گەڵاڵەکەی دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا گرت و گوتی: پێکهێنانی ناوچەیەکی ئەمن تەنیا تێرۆریستەکان لە سێبەری خۆی حەشار دەدات، ئەم وتە لەو ڕوانگەیە سەرچاوە دەگرێت کە بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەکانی دژبەرانی سووریە بە تێکڕا بە تێرۆریست پێناسە دەکەن.

ئەسەد لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دەڵێت: لە بواری سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی سووریە چاوی لە وڵاتانی بەرەی ڕۆژهەڵاتی واتە بەرەی چەپە.

ئەم قسانەی بەشار ئەسەد هاوکاتە لەگەڵ قسەکانی قاسم سلێمانی فەرماندەی سپای قودس بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی مزگەوت لە هەمان ڕۆژدا کە لە تاران ڕەخنەی لە کەمڕەنگ بوونی رۆڵی مزگەوتەکان گرتبوو و گووتبووی: ئەرکی مزگەوتەکان پەروەردە کردنی هێزە بەرگریکارەکان لە حەرەمە؛ ئەمەش دەریدەخات کە قسەکانی ئەم دوو کەسە لە بنەمایەکی فیکری و ستراتێژییەکی هاوبەشەوە سەرچاوە دەگرن.

هێزەکانی بەرگریکار لە حەرەم لە فەلسەفەی ڕێژیمی ئێران بەو میلیشیانە دەگوترێت، کە لە لایەن ڕێژیمەوە پەروەردە دەکرێن و ڕێک دەخرێن هەتا لە بەرەکانی شەڕی سووریە بە ناوی بەرگری لە شوێنە پیرۆزەکانی ئەو وڵاتە بەشداری بکەن.

ماوەیەک پێش ئێستا هەواڵدەریی فارس سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم لەزاری مۆحەمەد پاکپورەوە بڵاوی کردەوە ڕاوێژکارییەکانی ئێمە بۆ ئەرتەشی سوریە تەنیا بۆ نەخشەکێشان نییە بەڵکوو بۆ تەکنیک و تاکتیکیشە هەروەها گوتوویەتی لەبەر ئەمە هێزەکان دەبێت لەنێو شەڕدا بوونیان هەبێت.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها جەختی کردووەتەوە بەردەوام دەبین لە ڕاوێژکاریمان هەتاکوو ئەو کاتەی سورییەکان پێویستیان بێت.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام و بە ئاشکرا پشتیوانیی هەمە لایەنەی خۆی لە ڕێژیمی ئەسەد دووپات دەکاتەوە.

له‌ سه‌ره‌تای ده‌سپێكی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی سووریه‏وە‌، پاسدار و بەسیجییەکانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و حاشاهه‌ڵنه‌گه‌ر شان به‌ شانی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ڕێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د، دژ به‌ به‌رهه‌ڵستكارانی ڕێژیمی به‌عسی سووریه‌، شه‌ڕیان كردووه.