کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانی عێراق دژی گشت‌پرسی هەڵوێستی گرت

16:58 - 22 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: لە کۆی ٢٠٤ ئەندام پارلمانی عێراق، ١٧٣ پارلمانتار دژ بە گشت‌پرسی هەرێمی کوردستانی باشوور دەنگیان دا و داوایان کرد کە ئەگەر پێویست بوو هێزی سەربازی لەدژی کوردستان بەکار ببردرێ.

هەواڵدەرییەکانی باشووری کوردستان ئاشکرایان کرد؛ ، پارلەمانی عێراق دژی گشتپرسی باشووری کوردستان دەنگی دا و حەیدەر عەبادی دەسی کراوە کرد بۆ گرتنەبەری هەر رێکارێک دژی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە؛ بەپێی هەواڵەکان لەم کۆبونەوە تایبەتەدا کە لە سەر داوای ٨٠ پارلەمانتار ڕێک‌خرابوو، ٢٠٤ ئەندام بەشداریی دانیشتنەکە بوون و فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی کۆبونەوەکەیان کرد؛ لەکۆتاییشدا بە دەنگی ١٧٣ پارلەمانتاری عەرەب و تورکمان پارلمان دەنگی لە سەر دژایەتی گشتپرسی داوە.

لەمبارەوە ئەشواق جاف پارلمانتاری کوردستان گووتوویەتی: بڕیارەکە هیچ نییە، تا بەر دەرگای پارلەمان بڕ ناکات، لەبەرامبەریشدا عەبدولرەحیم شەممەری پارلەمانتاری پارێزگای موسڵ دەڵێ ئەگەر بە گفتوگۆ کوردستان لە بڕیاری گشتپرسی پاشگەز نەبێتەوە دەبێ سەرۆک‌وەزیران هێز بەکار بێنێ بۆ یەکلایی‌کردنەوەی پرسەکە.

لەلایەکی دیکەشەوە حکومەتی عێراق لە رێگەی سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک‌وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە: گشت‌پرسی لە هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی نایاساییە، هەوڵدان بۆ سەپاندنی دەسەڵات بەسەر ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، گرژی لێدەکەوێتەوە.

هەروەها وڵاتی تورکیا لە رێگەی مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوە و هاکان فیدانی بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە (میت) داوای پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەردەوامن لە گوشارەکانیان بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ناچاربکەن گشتپرسییەکە ئەنجام نەدات؛ بەڵام هیچ کام لەم لایەنانە بەقەدەر کۆماری ئیسلامی قەڵس‌بوونی خۆی بە پرسی ڕێفراندۆم نیشان نەداوە و پەیتاپەیتا هەڕەشە لە کورد و سەرکردایەتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان دەکات بەڵام مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێ‌گوێدان بەم هەڕەشە و گوڕەشانە ڕایگەیاندووە کە ڕێفراندۆم لە وادەی دیاریکراوی خۆی بەرێوە دەچێت و هیچ کۆسپێکیش ناتوانێ کورد لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی پاشگەز بکاتەوە.

بەشێک لە کارناسانی سیاسیش پێیان وایە سەرەڕای قووڵبوونەوەی قەیرانەکان لە باشوور، بەتایبەت دوای بڕینی بودجە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، حکومەتی هەرێم دەستی کردووە بە چاکسازی. قەیرانی ئابووری کرا بە دەرفەت بۆ ئەنجامدانی رێفۆرم. لە سرووشتی خۆیدا، رێفۆرم پرۆسەیە و ئاوا بەزوویی ئاکامە ئەرێنییەکانی دەرناکەون. شەڕی داعشیش بووە دەرفەتێک بۆ بەهێزتربوونی ‌هێزی پێشمەرگە و هەروەها زیادبوونی پێگەی جیۆسیاسی باشووری کوردستان لە ئاست نێودەوڵەتیدا. لێرەدایە رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، بە مەرجێک کە کۆدەنگییەکی بەرینی لەپشت بێ و سەرکەوتووانە ئەنجام بدرێ، دەشێ ببێ بە دەرفەتێکی زێڕین بۆ ریفۆرم و دەوڵەت‌سازی سەرکەوتووانە.