کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی خامنەیی و سەفەری ڕۆحانی پەلەقاژەی ئێران پاش ئابڵۆقەکانی ئامریکا

23:12 - 27 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە ئامریکا کردووە و وتوویە: هەر کردەوەیەکی هەڵە لە لایەن ئامریکا لەمەڕ بەرجام، دژکردەوەی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە.

خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان، لە ڕێوڕەسمی کۆتایی خولی خوێندکارەکانی زانکۆی هێزە ئینتزامییەکان ترس و دڵەڕاوکێی ڕێژیمی ئێرانی لە ئابڵۆقەکانی ئامریکا ئاشکرا کرد و وەکوو هەمیشە بە هەڕەشەی و هات و هاوار ئەو نیگەرانییەی خۆی دەر بڕی.

قسەکانی ناوبراو زۆربە هێرشبەرانە بوو، کە سەرجەم ڕوویان لە دوژمنانی ئەو ڕێژیمە بوو.

بەپێی ڕاگەیندراوەکانی ڕێژیمی ئێران، خامنەیی ئاسایشی ئێرانی لە ناوچەیەکی ئاڵۆز بە بێ‌وێنە و نموونە لە قەڵەم دا و بە بەرهەمی هێزە ئینتزامیی و نیزامییەکانی زانی.

هەروەها خامنەیی لە درێژەی قسەکانی، لە سەر سیاسەتی بەهێزتر کردنی ئێران پێداگری کرد و وتی: ئەگەر ئێمە پاشەکشە بکەین، دوژمن پێشڕەوی دەکات.

خامنەیی لەم ڕێوڕەسمەدا باسی لە گرنگی وزەی ناوکیی ئێران کرد و وتی: ئێران بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی خۆی بە دوای ڕێگایەکی زانستی و کردەیی و کارێکی ڕەوا و دروست و بێ‌مەترسی بوو، بەڵام ئامریکا کە دژی پێشکەوتنە زانستییانەکانی ئێران و نەتەوەکانی دیکەیە، لە هەمبەر ئەم کارە ڕەوایە ڕاوەستاوە و ئابڵۆقەکانی لە سەر ئێران داسەپاندووە.

ڕۆژێک پاش دیدارەکەی خامنەیی لەگەڵ خوێندکارانی هێزە ئینتزامییەکان، ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران لەمەڕ بەرنامەی بەرجام و ئابڵۆقەکانی ئامریکا بۆ نیویۆرک سەفەری کردووە و بڕیارە لە ٧٢هەمین دانیشتنەکانی کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کە لە ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خەرمانان بەڕێوە بچێت، بەشداری بکات.

ڕۆحانی لەمبارەوە وتی: ئامریکا لە ٣٦٥ رۆژ لە ساڵ ٣٦٣ رۆژی بە دژی ئێمە بانگەشە دەکات، ئێستە ئەم دوو سێ ڕۆژە نۆبەی ئێمەیە کە بابەتەکانی خۆمان لەو دانیشتنانەدا بۆ دنیا و خەڵکی ئامریکا باس بکەین.

ئەو خاڵانەی کە ڕۆحانی لە نیویۆرک باسیان لە سەر دەکات ئەمانەن:
١ـ ڕوانگە بیانووگیرانەکانی ئامریکا لە هەمبەر بەرجام.

٢ـ دەنگی نەرێنی نوێنەرانی پارلەمانی ئامرێکا لەمەڕ فرۆشتنی فڕۆکە بە ئێران.

٣ـ ئامریکا دوو شیرکەت و ٧٠ هاووڵاتیی ئێرانی دیکەی خستە نێو گەمارۆوە ئابوورییەکانی.

گرنگیرین ئامانجی سەفەری ڕۆحانی بۆ نیویۆرک، سەبارەت بە ڕێککەوتننامەی ناوکیی ئێران و وڵاتانی ١+٥ـە کە ڕۆحانی لە سەر ئەو باوەڕەیە، کە تەنیا ئامریکا و چەند وڵاتێک دژایەتی دەکەن، چونکە پێیان وایە لەم سفرەیە (بەرجام) کە ڕاخراوە بێبەش کراون و تووشی زەرەر دەبن؛ ڕۆحانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەگەر ئامریکا و ئەو چەند وڵاتە ئاکارە خراپەکانیان وەلا بنێن، ئەوە دەتوانن لە سەر ئەم سفرەیە دانیشن و لێی بەهرەمەند ببن.

هەڕەشەکانی خامنەیی و سەفەری ڕۆحانی و قسەکانیان و دۆخی نالەباری خەڵکی ئێران لە هەموو بوارێکدا دەرخەری ئەوەن، کە ئەم ڕێژیمە نایەوێت کێشە و کەموکۆڕییەکانی خۆی ببینێت و ئەگەریش بیانبینێت هەوڵی چارەسەرییان بۆ نادات.

ئەگەر ڕێککەوتننامەی بەرجام، خوانێکی ڕەنگین و پڕ پیتە، هۆکاری چییە کە خەڵکی ئێران لەو خێر و بێرانە هیچیان بەر ناکەوێت و ئاستی هەژاری و بێکاری و سەرجەم دیاردەکانی دیکە لە ئێراندا هەمیشە لە جیهاندا لە پلەکانی یەکەم دان.