کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بۆ پشتگیری لە زیندانییانی سیاسی و مەحکووم کردنی کوشتنی کۆڵبەران بەڕێوە چوو

18:38 - 28 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێک بۆ پشتگیری لە زیندانییانی سیاسی و مەحکووم کردنی کوشتنی کۆڵبەران لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی لە شاری هامبورگی ئاڵمان، خۆپیشاندانێک بە مەبەستی پشتیوانی لە زیندانییانی سیاسیی ئێران و کوردستان و مەحکووم کردنی کوشتنی کۆڵبەرانی کورد بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانەدا کە لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ئاڵمان و ناوەندی بەرگری لە خەباتی خەڵکی ئێران کۆمیتەی هامبورگ بەڕێوە چوو، شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمان لە لێدوانێکدا بۆ بەشداربووان ئاماژەی بە دۆخی نالەباری زیندانییانی سیاسی لە ئێران و بەتایبەت کوردستان کرد. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا زوڵم و زۆرداری ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی و هەوڵی تێکدەرانەی ئەو ڕێژیمە جەنایەتکارە لە جیهان و ناوچە خستەڕوو و وتی: کۆماری تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران، لەوەتی دەستی بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێراندا گرتووە، لە زیندانی کردن و ئێعدامی جیابیران، کوشتنی خەڵکی بێ‌تاوان و بەتایبەتیش لە کوردستان دەستی نەپاراستووە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پتر درێژە بە سیاسەتی دژە مڕۆیی خۆی ئەدا و کوشتنی دەیان کۆڵبەری کورد لە چەند مانگی ڕابردوودا سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن.

بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە خەباتی گەلی کورد لە کوردستان و ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەمبەر کۆماری تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران کرد و وتی: ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران کە وڵامی هەر جۆرە ویست و خواستێکی ئینسانیی گەلانی ئیران و بەتایبەت گەلی کورد بە ئاگر و ئاسن دەداتەوە، بۆ هەموو لایەکی سەلماندووە کە ئاڵوگۆڕ لەو ڕێژیمەدا هەرگیز پێک نایە و تاکە ڕێگاچارە ڕووخانی ڕێژیم و هێنانە سەرکاری حكوومەتێکی دێموکرات، سیکۆلار و فێدراڵە کە لەودا مافی هەموو گەلان و چین و توێژە جیا جیاکانی ئێران دەستەبەر بکرێت.