کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی کارخانەی پۆڵای لوڕستان، لە بەردەم کارخانەکە مانیان گرت و نەیانهێشت هێچ کەلوپەلێک بچێتە دەرەوە

22:56 - 28 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: سەرەڕای گرنگی نەدان بە کەرتی پیشە لە شارەکانی هێڵی زاگرۆس، ئەو ڕێژە کەمە کارخانە و شیرکەتە کە لەم ناوچەیەدا هەن زۆربەیان مایەپووچ بوونەتەوە و ئەوانی دیکەش بەو ئاراستەیە دەڕۆن.

بەپێی هەواڵدرییە نێوخۆییەکان، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧ خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، کرێکارانی کارخانەی پۆڵای سەدری لوڕستان لە بەردەم کارخانەکە مانیان گرتووە و نەیانهێشتووە هیچ کەلوپەل و ماشینێک بچێتە دەرەوە.

لەم کارخانە مایەپووچ کراوە، یەکێک لەو کەسانەی کە سەرمایەی لەم کارخانەدا داناوە، لە جیاتی سەرمایەکەی ویستوویەتی کەلوپەلی کارخانەکە بباتە دەرەوە کە لەگەڵ دژایەتیی کرێکاران کە هەشت مانگە مووچەیان وەر نەگرتووە و لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە بەردەم ئەم کارخانەدا مانیان گرتبوو، بەرەوڕوو دەبێتەوە.

کارخانەی پۆڵای سەدری لوڕستان دوو ساڵە لەگەڵ کێشەی سەرمایە بەرەوڕوو بووە و بەرپرسانی ئەم کارخانە هاوکاری نەکردنی بانکەکان بە هۆکاری مایەپووچ بوون دەزانن.

لە سەرەتای مانگی خەرمانان، کە ئەم کارخانە داخراوە، نزیک بە ١٨٠ کرێکار لەم کارخانەدا بێکار کراون و چارەنووسی کاروباریان نادیارە.

هەروەها پێشتر ئەم کرێکارانە لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانانیش، لە بەردەم پارێزگاری لوڕستان کۆ بوونەتەوە و داوای مووچەی دواکەوتوو و چارەسەرکردنی داهاتوویان لەم کارخانە کردووە، ئەم کرێکارانە لە ساڵی ڕابردوودا تەنیا دوو مانگ مووچەیان وەرگرتووە.

لەم چەند ساڵەدا یەکەم جار نییە، کە هەواڵی مایەپووچ بوونی کارخانەکانی کوردستان دەبیسترێت و چارەنووسی کرێکاران نادیارە.

ڕێژیمی ئێرانیش نە تەنیا هیچ هەوڵیک نادات بۆ بە کارا کردنی کەرتی پیشە لە کوردستان، بەڵکوو لە هەمبەر کەرتی پیشەی لاوازی کوردستان کە ڕۆژبەڕۆژ بەرەو لەناوچوون دەچێت، هەست بە بەرپرسایەتی ناکات و هیچ هەوڵێکی بۆ نادات.