کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوانامەیەک پێشکەشی دەوڵەتی فینلاند و باڵوێزخانەکان لەو وڵاتە کرا

18:49 - 29 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بە هاوکاری فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی فینلاند، داوانامەیەکیان پێشکەشی وەزارەتی دەرەوە، سەرجەم پارلەمانتارانی فینلاند، باڵوێزخانەی وڵاتانی جیهان لەهەمبەر کوشتنی کۆڵبەران و پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ژمارەیەک لە حیزب و ڕێکخراوەکانی چالاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە فینلاند بە هاوکاری فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لەو وڵاتەدا، لە داوانامەیەکدا وێڕای ئاماژە کردن بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی خەڵکی کوردستان، لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی و کوشتاری سیستماتیکی کۆڵبەرانی کوردستان، داوایان لە دەوڵەتی فینلاند و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کرد کە بە گوشار خستنەسەر ئەو ڕێژێمە پێش بە ژێنۆسایدی سیستماتیکی ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان بهێنن.

دەقی داوانامەکە بە شێوەی خوارەوەیە:

داوانامە بۆ دەوڵەتی فینلاند و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی


ئێمە واژۆکارانی ئەو داوانامەیە لە دەوڵەتی فینلاند و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی داوا دەکەین زەخت بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێبەندی بنەماکانی مافی مرۆڤ بێت و خۆی لە کوشتنی سیستماتیکی کۆڵبەران و زەحمەتکێشانی کوردستان بە دوور بگرێ.

ڕۆژی ٣/٩/٢٠١٧ هێزە چەکدارەکانیی ئێران لە شاری بانەی کوردستانی ئێران تەقەیان لە کۆڵبەران کرد و لە ئاکامدا دوو کەس بە ناوەکانی قادر بەهرامی ٤٥ ساڵە و حەیدەر فەرەجی ٢١ ساڵە گیانیان لە دەست دا. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧وە تا ئێستا لانیکەم ١١٤ کۆڵبەر لە کوردستان لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە کوژراو و بریندار بوون، دەیان کۆڵبەر و ناڕازییانی سەرکوتی خەڵکی کوردستان ڕەوانەی ئەشکەنجەگاکانی کۆماری ئیسلامیی کراون. لە هەفتەی ڕابردوودا لە شارەکانی کوردستان خەڵکی شارەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان دەستیان کرد بە خۆپێشاندانی هێمنانە لە بەردەم دەزگاکانی حکوومەتی ئێران. هێزە چەکدارکان لە بەرامبەردا بە تەقە کردن لە خەڵک وێڕای بریندار کردنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک چەندین کەس لە خەڵکی بەشدار لە خۆپێشاندانەکانیان گرتووە و ڕەوانەی زیندان کردووە. ناوچەکانی کوردستانی ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ژێر ئابلۆقەی ئابووری دایە. لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا سەدان کەس لە کۆڵبەرانی کوردستان لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە کوژراون و بە دەیان کەس بریندار و کەمئەندام بوون و بە سەدان چوارپێی کۆڵبەران بەکوشت چوون. لە چوار دەیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لانیکەمی سەرمایە بۆ بەرەوپێشچوونی ئابووری، پیشەسازی و کرانەوەی شوێنی کار تەرخان کراوە، بە شێوەیەک کە چوار پارێزگای سەرەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەژارترین پارێزگانی ئێرانن، نرخی بێکاری لەو پارێزگایانەدا لە ئاستێکی نزمدایە. زیاتر لە ٧٠ لەسەدی خەڵکی کوردستان تەمەنیان لەژێر ٣٥ ساڵە. لەو ژمارەیە لانیکەم ٢٥ لەسەدی لاوان بێکارن و هیچ سەرچاوەیەکی بژیویان نییە. خەڵک بۆ ئەوەی بتوانن بژیوی ژیانی خۆیان بە دەست بێنن، ناچار ڕوویان کردووەتە کاری تاقەت‌پڕووکێن و مەترسیداری کۆڵبەری. کۆڵبەرانی کوردستان بۆ هێنان و بردنی کەلوپەلی ژیان بە پێ یان بە چوارپێیەکانی خۆیان ناچار دەبن، دەیان کیلۆمێتر لە شاخ و دەوەنەکانی کوردستان بپێون و هەر کام لەوان لانیکەم ١٠٠ کیلۆ بار هەڵدەگرن. ئەم کارە تاقەت‌پڕووکێنە وێڕای ئەوەیکە دەبێتە هۆی نەخۆشی، پیری زووگەیشتوو (زودرس)، مەرگی زووکات، لە گەڵ هەڕەشەی کوژران لە لایەن هێزەکانی چەکداری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەرەوڕوو دەبن.

لە ئێراندا خەڵکی کوردستان کەشی ژیانیان بەسەردا رۆژبەرۆژ بەرتەسکتر دەکرێتەوە، لەلایەک بەشێوەکی پڕچەک میلیتاریزە کراوە، هەر جۆرە بزاڤێکی مەدەنی خەڵک لەلایەن حکوومەتەوە سەرکوت دەکرێت، لەلایەکی دیکەوە ڕێگە نادرێت لە کوردستان سەرمایەگوزاری بکرێت و هەلومەرجی کار و کارخوڵقاندن بۆ خەڵک بڕەخسێت. ڕێژیمی ئێران هاوکات بەشێوەی سیستماتیک خەریکی وێران کردنی ژینگە و دارستان و کانیاوە ژێرزەوییەکانی کوردستانە. بەپێی ئەسڵی ٤٣ی یاسای بنەڕەتی ئێران، ئەرکی دەوڵەت پێکهێنانی دەرفەت و ئیمکان بۆ وەدیهاتنی کاری تەواو (اشتغال کامل) و وەدیهێنانی کەلوپەلی کاری بۆ هەموو ئەو کەسانەیە کە توانای کاریان نییە. دەوڵەت بەپێی دەستووری ئێران ئەرکدارە، ناوەڕۆکی بەرنامەی ئابووری خۆی بە شێوەیەک دابڕێژیت کە بۆ هەموو کەس هەلی کار و خۆتاقیکردنەوە و بەرەوپێشچوونی ئابووری هەبێت. دەستووری ئێران دەوڵەت ئەرکدار دەکات کە ئازادی هەڵبژاردنی پیشە بۆ خەڵک وەدی‌بێنێت و خەڵک ناچار بە بەهرەکێشی و ئەنجامی کاری ناچاری نەبێت.

بەپێچەوانەی دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران، دەسەڵاتدارانی تاران هەموو دەرفەتەکانی کاریان لە خەڵکی کوردستان ئەستاندووە و ئەوانیان ناچار کردووە ڕوو بکەنە کاری تاقەت‌پڕووکێن و مەترسیداری کۆڵبەری، کرێکاری ڕۆژانە و کاری زۆرەملێ بەمەبەستی دابینکردنی سەرەتاییترین پێویستییەکانی ژیانی خۆیان. بۆ ئەوەی ژیان لەسەر خەڵکی کوردستان بەرتەسکتر بێت، رێژیمی ئێران بەشێوەی سیستماتیک بە مینڕیژکردنی ڕێگا و بانەکان و تەقە لە کۆڵبەران، شوان و گاوان و زەحمەتکێشانی کوردستان ڕەفتاری سیستەمێکی داگیرکەر لەگەڵ نەتەوەیەکی داگیرکراو ئەنجام دەدەن. ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی شتێک نییە، جگە لە ژێنۆسایدی سپی و بێدەنگی خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران.

ئێران هەر دوو جاڕنامەی مافی مرۆڤی ICCPR و ICESCR و هەروەها جاڕنامەی قەدەغە کردنی هەر جۆرە هەڵاواردنێک لە ١٩٦٦ی واژۆی کردووە و دەبێ پێبەند بەو جاڕنامە و پەیماننامانە نێونەتەوەییانە بێت.

ئێمە داوا لە دەوڵەتی فینلاند و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکەین، کە لە ڕێگای پێوەندییە دیپلۆماتیک و سیاسییەکانی خۆیانەوە زەخت بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ جێبەجێ کردنی ئەسڵی ٤٣ی دەستووری خۆی.

جێبەجێ کردنی ئەرکەکانی خۆی بەپێی جاڕنامەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بەتایبەت ICESCR و جاڕنامەی دژی هەڵاواردن.

کۆتایی هێنان بە سەرکوتی زەحمەتکێشانی کوردستان و کوشتن و گرتنی کۆڵبەران.

کردنەوەی دەرگای سەرمایەگوزاری وەک بەشەکانی ناوەندی ئێران بۆ کوردستان.

ئازاد کردنی زیندانییان و گیراوانی ناڕازی لە کوژرانی کۆلبەران.

رێگەدان بە لێژنەیەکی چاوەدێری لە مافی‌مرۆڤ لە کوردستان بەتایبەت لە پارێزگاکانی: ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ.

درێژەدانی ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێت لە درێژخایەندا ببێتە هۆی کارەساتێکی مرۆڤی و کوژران و ئاوارە بوونی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی کوردستان.