کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیکی هێلی: هێندێ وڵات لەسەر پشکنینی زیاتری دامەزراوە ناوکییەکان، لە ئێران داکۆکی دەکەن

14:57 - 7 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: ئێران لە پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەگەڵ وڵاتانی ١+٥ رێککەوتننامەیەکی بە نێوی بەرجام واژۆ کرد و بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە ڕێژیمی ئێران پێبەندی ئەوە بووە، کە دەست لە چالاکییە ناوکییەکانی خۆی بکێشێت.

نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی ڕەزبەر، لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی خوازیاری پشکنین و سەرادنی زیاتر لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێرانی بوو.

ناوبراو لەم بارەوە ڕایگەیاند: هێندێ وڵات تێدەکۆشن هەتا لە بەردەم پشکنینی زیاتر لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران لەمپەر دروست بکەن و لە ڕێژیمی تاران داکۆکی دەکەن، هێلی هوشداری بەو وڵاتانە دا کە بەبێ پشکنینی زیاتر، ڕێککەوتننامەی ناوکیی لەگەڵ ئێران تەنیا وادەیەکی پووچەڵە.

هێلی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەگەر بڕیارە ئەم ڕێککەوتننامە لە جێی خۆی بێت، دەبێت هەموو لایەنەکان لە خاڵ بە خاڵی ئەم ڕێککەوتننامەیەدا تێگەیشتنێکی هاوبەشیان هەبێت.

هەر لەم پێوەندییەدا بەرپرسی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، داوای لە زلهێزەکانی جیهان کردووە، تیشک بخەنە سەر ئەو خاڵە تکنیکییانەی ڕێککەوتننامەی ناوکیی، کە بۆ ساز کردنی بۆمبی ناوکیی یارمەتیدەرە و لەم بارەوە ڕوونکاری زیاتر ڕابگەیەنن، کە بەپێی هەواڵەکان ڕووسیە لەگەڵ ئەم داواکارییە دژایەتی کردووە و ڕایگەیاندووە، کە ئەم بابەتە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی ئاژانسدا نییە.

هەواڵدەریی ڕویترز، لە زاری دیپلۆماتەکانەوە ڕاگەیاندووە، کە ڕووسیە لە هەوڵی ئەوە دایە هەتا دەوری ئاژانس لە بەشە گرنگەکانی ئەم بابەتە کەمڕەنگتر بکاتەوە.

پێداگریی نیکی هێلی لە سەر پشکنینی زیاتر لە دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران بە هۆی ئەوەیە، کە بەرپرسانی ڕێژیم ڕێگا بە چاوەدێرانی ئاژانسی وزەی ناوکیی نادەن کە سەردانی بنکە نیزامییەکان بکەن، لە حاڵێکدا ئەم ئاژانسە ڕایگەیاندووە، کە لە نێوان شوێنە نیزامییەکان و غەیرە نیزامییەکان هیچ جیاوازییەک نییە.