کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاسدار باقری هێرشی کردە سەر کوردستان

16:35 - 14 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام دژی نەتەوەی کورد و ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان هەڵوێست دەگرن.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی لە زاری پاسداری تێرۆریست محەممەد حوسێن باقری سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بڵاویان کردەوە ئەگەر پرسی سەربەخۆیی کوردستان چارەسەر نەکرێت، ئەو پرسە دەبێتە هۆی نائارامی لە ناوچەکەدا.

ئەو بەرپرسە تێرۆریستەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە پرسی سەربەخۆیی کوردستان پرسێک نەبوو ئێستا باسی لێ بکرێت؛ خەڵکی کوردستانی باشوور بۆچی سەربەخۆییان دەوێ؟ بۆ مەگەر ئێستا لە چی کەمیان هەیە؟

ناوبراو بە شێوەیەکی زۆر سەخیفانە باسی ئەوەی کردووە کوردستانی باشوور دەیهەوێ بەسەر خاک و سنوورەکانی خۆیدا حاکمیەتی هەبێ کە ئێستا هەیانه! هەروەها باسی ئەوەی کردووە کە پارەشیان لە عیراقییەکان زیاترە؟!

سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە ڕووی نەزانییەکانی خۆیەوە باسی لەوە کردووە کە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان گەمە بە هەستی خەڵک بووە و هەروەها هیچ چاودێرێک لەسەر ئەو ڕێفراندۆمە نەبووە و پێشتر خۆیان ئاکامی ئەو ڕێفراندۆمەیان ٩٤٪ ڕاگەیاندبوو.

ئەو قسانەی سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە کاتێک دایە کە هەڵبژاردنەکانی ئەو ڕێژیمە تەنیا دیاریکردنی مۆرەکانی خۆیانە و خۆشیان باس لەوە دەکەن کە هەڵبژاردنەکانیان هیچ ڕوونییەکی تێدا نییە.

چەند ڕۆژێک پێش کە ئەردۆغان سەردانی تارانی کردبوو و لەگەڵ حەسەن ڕوحانی سەرکۆمای ڕێژیم و خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم دانیشتن و دیداری کردبوو لەبارەی پرسی سەربەخۆیی کوردستان هەڵوێستیان گرتبوو.

خامنەیی لە كۆبوونەوە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، هۆكاری ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و پرۆسەكەی بۆ پرۆژەی ئامریكا گەڕاندەوە و ڕایگەیاندبوو: ئامریكا و هێزی دیکەی بیانی لە ڕێگەی پشتیوانیكردنی ڕێفراندۆمی كوردستانەوە، پلان دادەڕێژن بۆ دامەزراندنی ئیسرائیلێكی نوێ لە ناوچەكەدا.

خامنەیی باسی لەوەش کرد کە پێویستە لەسەر ئێران و تورکیه ڕێوشوێنی پێویست دژی جیابوونەوەی کوردستان بگرینە بەر. سەرەڕای ناڕه‌زایه‌تییه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هه‌رێمی كوردستان ڕۆژی ٣ی ڕەزبەری ئەمساڵ، ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجامدا و ٩٢٪ ی به‌شداربووان، به‌ به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی، ده‌نگیان دا، ئەوەش ‌ عێراق و ئێران و توركیەی نیگه‌ران كردووه‌.

لە دوای هەموو هەڕەشە و هەڵویستەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕیای خۆی پابەندە و باس لە گفتوگۆ دوای ئەنجامی ڕێفراندۆم لەگەڵ بەغدا دەکات.