کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشکرا بوونی گەندەڵیی بەرپرسانی ڕێژیم و مشتومڕیان لە سەر داهات و سامانی خەڵکی ئێران

21:12 - 17 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: پاش ئەوەی کە مەهدی جەهانگیری برای جێگری یەکەمی سەرکۆماری ئێران لە لایەن دەزگای قەزایی بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی دەسبەسەر کرا، لە نێوان باڵەکانی ڕێژیمی ئێران مشتومڕ و ململانێی کە پێشتر لە ئارادا بووە، بە شێوەیەکی قووڵتر سەری هەڵداوە.

لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، مەهدی جەهانگیری برای ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بە تۆمەتی گەندەڵیی دەسبەسەر کرا، ئەم هەواڵە لە ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەر لە لایەن موحسێن ئێژەیی وتەبێژی دەزگای قەزایی بەبێ ئەوەی ناوێک لە تۆمەتبارەکە بهێنێت، پشڕاست کرایەوە و ڕایگەیاند کە تۆمەتی ئەو کەسە گەندەڵی داراییە.

پاش ئەوەی کە ئەم هەواڵە لە ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیم بڵاو بووەوە، لە لایەن ئیسحاق جەهانگیری هەڵویست گیرا و ڕایگەیاند کە کەسانێک دەیانەوێت لەم نێوانە تۆڵەی سیاسیی بکەنەوە و کەسانێکی پێ بەدنێو بکەن.

لەم پێوەندییە سەرۆکی دەزگای قەزایی لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرپرسانی قەزایی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، پاش ئەوەی کە دۆسییەی تۆمەتبارانی گەندەڵیی دارایی دێتە ئاراوە، هێندێ کەسی بەرژەوەندیخواز فەزای سیاسیی ئاڵۆز دەکەن.

سادق ئاملی لاریجانی ڕوو لە ڕۆحانی وتوویە: ئەرکی ئێوە پارێزگاری کردن و پشتیوانیی لە دەزگای قەزایی وەکوو یەکێک لە بەشەکانی نیزامە و بەجێی ئەوەی بەرجام بە چاوی خەڵکدا بدەنەوە باشتر وایە کە بیریک بۆ چارەسەریی بێکاری بکەنەوە.

ئەم قسانەی لاریجانی بەرپەرچدانەوەی قسەکانی ڕۆحانی بووە، کە لە ١١ی پووشپەڕ، ڕوو لە دەزگای قەزایی وتبووی: بێ لایەن و سەربەخۆ بن و بەبێ بەڵگە کەس بانگهێشت یان دەسبەسەر مەکەن.

لاریجانی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتوویە: تۆمەتبار کردن، بێڕێزی و لەمپەر دروست کردن لە بەردەم دەزگای قەزایی تاوانە و هەر کەس درێژە بەم کارانەی بدات، ناچارین بەپێی یاسا لەگەڵی بجووڵینەوە.

ئەم مشتومڕیانەی بەرپرسانی ڕێژیم لە سەر گەندەڵکاران و دەست ئاوەڵا کردنی تاڵانکەرانی سامانی خەڵکی لە حاڵێک دایە، کە خەڵکی بەزاڵەهاتووی ئێران لە ژێر گوشاری ئابووریی ناچارن بۆ فرۆشتن ئەندامە سەرەکییەکانی جەستەی خۆیان، یان منداڵە کۆرپەکانیان لە شوێنە گشتییەکان بە شێوەی نووسراوە بۆ دۆزینەوەی کڕیار بانگەشە بکەن.